کانونی دوھەم 12, 2018 10:18 Asia/Tehran
  • درێژ کرانەوەی باری نائاسایی لە تورکیا پێویستیە یاخود ئامرازێکە بۆ قازانجی دەوڵەت؟

یاریدەدەری سەرۆک وەزیرانی تورکیا ڕۆژی دووشەممە هەشتی ژانیڤەری ڕایگەیاند: باری نائاسایی کە پاش کوودەتا بێ ئەنجامەکەی مانگی ژووئیەی ساڵی 2016 لەو وڵاتەدا بەڕێوە چوو، بۆ جاری شەشەم و بۆ ماوەی سێ مانگی دیکەش درێژ دەکرێتەوە.

بەکر بوزداغ- یاریدەدەری سەرۆک وەزیرانی تورکیا

"بەکر بوزداغ" وێڕای ڕاگەیاندنی ئەم هەواڵە گوتیشی: بە پێێ بڕیاری کاربەدەستانی تورکیا باری نائاسایی لەو وڵاتە کە لە 19 ژانیڤەریدا کۆتایی پێ دەهات بۆ جاری شەشەم و بە شێوەی بەردەوام بۆ سێ مانگی دیکەش درێژ دەکرێتەوە.

بوزداغ پێداگریشی کرد کە ئەم بابەتە پێش ئەوەی کە لەلایان دەوڵەتەوە ئاراستەی پەرلەمانی تورکیا بکرێت، دەبێتە تەوەری کاری کۆبوونەوەی دواتری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەو وڵاتە. بە پەسەند کرانی بەڕێوەچوونی باری نائاسایی لە پەرلەمانی تورکیا، نەک تەنیا ئەم یاسایە بۆ جاری شەشەم لە کاتی کوودەتا بێ ئەنجامەکەی تورکیا لە مانگی ژووئیەی ساڵی 2016ی ئەو وڵاتەوە، درێژ دەکرێتەوە، بەڵکوو بەڕێوەچوونەکەی، دەسەڵاتی بەرپرسە ئاسایشییەکانی تورکیا بۆ قۆڵبەست کردنی لاگرانی "فەتحوڵڵا گولەن"، وەکوو دژبەر و نەیاری "ڕەجەب تەیەب ئەردۆغان"ی سەرۆک کۆماری ئەو ولاتەش زیاتر دەکاتەوە.

کوودەتا بێ ئەنجامەکەی تورکیا لە مانگی ژووئیەی ساڵی 2016

دەوڵەتی تورکیا، هەر لە هەمان قۆناغی سەرکووتکرانی کوودەتاکە، گولەنی بە پلانداڕێژی سەرەکی و سەرکردەی کوودەتاکەی ژووئیەی 2016 ناساند و هەر بۆیەش رێکخراوە ئاسایشییەکانی تورکیا پاش ئەو کوودەتایە، ئۆپەراسیۆنێکی بەربڵاویان بە مەبەستی دەسبەسەرکردنی لاگرانی گولەن لە سەرانسەری ئەو وڵاتەدا دەس پێ کرد.
بەڵام گولەن بەردەوام ئەو تۆمەتانەی ئانکارای ڕەت کردووەتەوە و گوتوویەتی: ئامانجی دەوڵەت لەو هەنگاوانە، سەرکووتکردنی نەیارەکانیەتی بە بڕوبیانووی کوودەتا.

شایانی ئاماژەیە، بڕیارەکەی دەوڵەتی تورکیا کە لە دەسپێکی کوودەتاکە و لەوپەڕی پڕوپاگەندەی دەوڵەت لە دژی نەیارەکانیدا درا، بەرەوڕووی پێشوازی بەشی هەرەزۆری کۆمەڵگا بووەوە، ئەگەرچی تاقمێکیش بە ناچاری و نابەدڵییەوە قەبووڵیان کرد، بەتایبەت لەو سەردەمەدا بەکر بوزداغ، وەکوو وەزیری دادەوانیی تورکیا لە پەرلەمان پێیداگرتبوو کە باری نائاسایی بەو ئامانجە ڕاگێندراوە کە ڕێگری بکات لە ڕوودانی کوودەتایێکی دووەم و شیمانەیی، ئەو هەروەها گوتبووشی کە هاووڵاتیان لە ماوەی بەرێوە چوونی باری نائاسایی، هەست بە هیچ گۆڕانێک لە ژیانی ئاسایی خۆیاندا ناکەن و ئەو بڕیارە، کاریگەری نەرێنی نابێ لە سەر ئابووری یاخود پرسی سەرمایەنانەوە.

باری نائاسایی لە ڕاستیدا دۆخێکە کە دەسەڵاتێکی زۆر دەدات بە دەوڵەت بۆ هەڵسووڕانی کاروباری وڵات بە بێ ئاوڕدانەوە لە شێوازی کونترۆڵیی پەرلەمان تا بەو چەشنە بتوانێ بڕیاری پێویست بۆ گەڕانەوەی باری ئاسایی بۆ وڵات بدات و ترسێکیشی نەبێ لە بەدواداچوونی دادەڤانی، ئەم دەسەڵاتە دەستووری ئەمدواییەی تورکیا دەیدا بە دەوڵەت کە لەڕاستیدا لە سەردەمی دەوڵەتە سەربازییەکانی پێشوودا ئامادە کراوە.

پاش ئەوەی کە باری نائاسایی لە تورکیا بۆ جاری پێنجەم راگێندار، سەرەڕای ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا، هەندێک لە ڕێبەرانی یەکیەتیی ئەورووپاش ڕەخنەیان گرت لە درێژ کرانەوەی باری نائاسایی لەو وڵاتەدا، چوونکە بەڕای ئەوان ئەم بڕیارە هەڕەشەیێکە لە دژی ماف و ئازادی هاووڵاتیانی تورکیا. ئەو هەلومەرجە هەر ئێستاکە کاری کردووەتە سەر ئابووری تورکیاش، هەر بۆیە دەبێ بزانین لە هەلومەرجێکدا کە کاربەدەستانی ئانکارا بە دوای چاکسازی پەیوەندییەکانی خۆیانن لەگەڵ هەندێک لە وڵاتە ئەورووپییەکان، درێژ کرانەوەی باری نائاسایی لە وڵات بۆ جاری شەشەم چ کاریگەرییەک دادەنێ لەسەر سیاسەتی دەرەکی و نێوخۆیی حکوومەت و کۆمەڵگای تورکیا؟!

 

سەرپەیڤ