٩٧ مانگ بەند بۆ نوێنەری کوردی پەرلەمانی تورکیا
عەبدوڵا زەیدان نوێنەری شاری حەکاری لە پەرلەمانی تورکیا و ئەندامی پارتی دیموکراتیکی گەلان ٩٧ مانگ و ١٥ ڕۆژ بەندی بۆ بڕدرایەوە.
ماڵپەڕی ڕۆژنامەی جومهورییەت نووسی: لقی پێنجەمی دادگەی کەتنیی دیاربەکر بە دەرکردنی بڕیارێک ، ٩٧ مانگ و ١٥ ڕۆژ بەندی بۆ عەبدوڵا زەیدان نوێنەری شاری حەکاری لە پەرلەمانی تورکیا و ئەندامی پارتی دیموکراتیکی گەلان بڕیەوە بە تۆمەتی یارمەتیدانی گرووپە تیرۆریستییەکان و پڕوپاگەندە بۆ تیرۆریستان.
ڕۆژنامەی جومهورییەت نووسی؛ عەبدوڵا زەیدان لە کۆبوونەوەی لێکدرانەوەی تۆمەتەکانی ئامادە نەبووە و پارێزەرەکەی بۆ بەرگری لەو ڕایگەیاندووە کە هەڵویستەکانی تاوانکارانە نین و خوازیاری ئەوە بووە کە دادگە بڕیاری بەرائەت و بێ تاوانی لە سەر بدات.
تورکیا پاش کودەتای ژولایی ساڵی ڕابردوو، یاسای پارێزراو بوونی نوێنەرانی پەرلەمانی هەڵوەشاندەوە و پاش ئەوە ژمارێکی زۆر لە نوێنەرانی بانگ کرانە دادگە و ناوەندەکانی دادەوانی بەڵام نوێنەرانی پارتی کوردیی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە) خۆیان بواردووە لە ئامادەبوون لەو کۆبوونەوانەی دادگەکاندا.
وڵاتانی ئەورووپایی و پارتەکانی نەیاری دەوڵەتی تورکیا، ئانکارا بەوە تۆمەتبار دەکەن کە کودەتای بێ ئاکامی ژولایی ٢٠١٦ی کردووە بە بیانوویەک بۆ سەرکوت کردنی نەیارانی سیاسیی خۆی.