کانونی دوھەم 12, 2018 12:04 Asia/Tehran
  • مافی پەرلەمانتاریی تورکیا لە لەیلا زانا سەندرایەوە

لەیلا زانا پەرلەمانتاری هەدەپە، لە پەرلەمانی تورکیا مافی ئەندامێتی لێ سەندرایەوە، بەبیانووی ئەوەی وەک پێویست دەوامی نەکردووە.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، نور باخچەکەپلی بریکاری سەرۆک پەرلەمانی تورکیا، لە دانیشتنی دوێنێی پەرلەمانی تورکیادا ڕایگەیاند "لەیلا زانا لە ١ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٦ تا ٣٠ی نیسانی ٢٠١٧ بەشداری لە ٢١٢ دانیشتنی پەرلەمانی نەکردووە و بەو ھۆیەشەوە و بەپێی بڕگەی ٨٤ی دەستووری تورکیا، دەنگدان لەسەر ڕاپۆرتی هاوبەشی ھەردوو لیژنەی دادپەروەری و دەستوور و بڕیاری سەرۆکایەتی دیوان لەم بارەیەوە ئەنجام درا".

هەر لە دانیشتنەکەی پەرلەماندا لە کۆی ٣٢٤ پەرلەمانتار، ٣٠٢  پەرلەمانتار دەنگیان دا بە لێسەندنەوەی متمانە و ٢٢ پەرلەمانتاریش ڕەتیان کردەوە.

بە گوێری زانیاریەک کە ئێن ئارتی بڵاوی کردووەتەوە، لەیلا زانا ساڵی ١٩٦١ دا لەدایک بووە و لەگەڵ مەهدی زانا هاوسەرگیری کردووە، کە پێشتر سەرۆکی شارەوانی دیاربەکربووە و لەساڵی ١٩٨٠ بۆ ١٩٩٠ زیندانی کراوە.

لە ڕۆژی ١٩٩١/١١/٦ لەیلا زانا بۆ یەکەم جار بووە ئەندامی پەرلەمانی تورکیا و لەکاتی سوێند خواردندا بە کوردی قسەی کرد.

لە ڕۆژی ١٩٩٤/٣/٣ پارێزبەندی (حەسانەی) ئەندامێتی لە پەرلەمانی تورکیا لێسەندرایەوە و لە ڕۆژی ١٩٩٤/٣/١٧ لەگەڵ دوو کەسایەتیی سیاسییدا دەستگیرکرا، لە ڕۆژی ١٩٩٤/١١/٨ حکوم درا بە زیندانی کردن بۆ ماوەی ١٥ ساڵ و ئەندامێتی پەرلەمانی لێسەندرایەوە.

لە ماوەی زیندانی کردنیشیدا، خەڵاتی ئاشتیی ساخارۆفى پێ بەخشرا. لە ڕۆژی ٢٠٠٤/٦/٨ دا لە زیندان ئازاد کرا.

لە هەڵبژاردنەکانی ٢٦هەمین خولى پەرلەمانى تورکیا لە ١/١١/٢٠١٥ لەسەر لیستى پارتى دیموکراتیکى گەلان (هەدەپە) لە پارێزگای ئاگری خۆى بۆ پەرلەمان پاڵاوت و بۆ جاری دووەم لەو پارێزگایەوە بۆ ئەندامێتیى پەرلەمان هەڵبژێردرایەوە.