کانونی دوھەم 13, 2018 17:06 Asia/Tehran
  • دەرکرانی پێنجەمین نوێنەری پارتی لایەنگری کوردان لە پەرلەمانی تورکیا

هاوکات لەگەڵ درێژەی سیاسەتی بەرەنگاربوونەوەی حکومەتی ئانکارا لەگەڵ پارتە نەیارەکان، پێنجەمین نوێنەری پارتی دیموکراتیکی گەلانی تورکیاش(هەدەپە) لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە دەرکرا.

لەیلا زانا ئەندامی پارتی دیموکراتیکی گەلان(هەدەپە) و نوێنەری شاری ئاگری لە پەرلەمانی تورکیا، وەک پێنجەمین نوێنەری ئەو پارتە لە پەرلەمان دەرکرا.

مافی نوێنەرایەتی لەیلا زانا نوێنەری شاری ئاگری لەبەر ئامادەنەبوونی بەردەوام و ئامادەنەبوون لە دانیشتنەکانی پەرلەمان، لێی سەندراوەتەوەو هەڵوەشێندراوە.

بە دەرکرانی لەیلا زانا، ژماری کورسییەکانی پارتی دیموکراتیکی گەلان لە پەرلەمانی تورکیا بۆ پەنجاو سێ کورسی کەمی کردووە. بە لەبەرچاوگرتنی قۆڵبەست کردنەکانی یەکساڵی رابردوو، ئێستا دە نوێنەری ئەندامی پارتەکە لە زیندان دان.

حکومەتی تورکیا پاش کودەتا ناسەرکەوتووەکەی مانگی ژوولای ٢٠١٦ی زایینی، یاسای پارێزبەندیی سیاسی نوێنەرانی پەرلەمانی تورکیای هەڵوەشاندو پاشان، زۆرینەی نوێنەران بۆ ناوەندە دادەوانییەکان بانگ کران و خرانە بەرلێپرسینەوە.

دوابەدوای ئەو کردە، سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگن یوکسک داغ هاوسەرۆکانی پارتی دیموکراتیکی گەلانی تورکیا لەگەڵ نۆ نوێنەری ئەو پارتە هەروا لە پائیزی ڕابردووەوە، گیراون و خراونەتە زیندان.

واپێ دەچێ، یارمەتییە سەربازی، سیاسی وئابوورییەکانی ئەمریکا بۆ کوردانی ناوچە بەتایبەت کوردەکانی سووریا، لەمەڕ بڕیاری حکومەتی ئانکارا بۆ بەرەنگاربوونەوەی کوردانی تورکیا، کاریگەر بووبێت. ئاشکرایە کە، درێژەی تێکهەڵچوونەکانی پۆلیس و هێزە ئاسایشییەکانی حکومەتی ئانکارا لەگەڵ کوردانی دانیشتوو لە ناوچەکانی باشووری رۆژهەڵاتی تورکیا بەزیانی یەکڕیزیی هۆز و ئەتنەکانی ئەو وڵاتە لەقەڵەم دەدرێ. سەرباری ئەوەش، گومان لەوەدانییە کە، کاربەدەستانی تورک نەک هەر لەهەوڵدانین ئیمتیاز بە کوردانی دانیشتووی تورکیا بدەن، بەڵکوو بۆ تەنگ پێ هەڵچنینی زیاتر بە کوردەکان، تێدەکۆشن زیاتر بیانخەنە ژێر گوشار.

خاڵی ڕاست ئەوەیە کە، حکومەتی ئانکارا لەماوەی دە ساڵی رابردوو، بچووکترین داکۆکییەکان لە کوردانیشی بێ وەڵام نەهێشتووە. لە ڕاستیدا، هەرچەشنە داکۆکیی کردنێک لە کوردەکانی تورکیا لەگەڵ کاردانەوەی توند و جیددی بەرپرسانی حکومەتی ئانکارا بەرەوڕوو دەبێ. بۆ وێنە، باسکین ئۆران لەسەردەمی سەرۆک وەزیریی بەڕێز ئەردۆغان ڕاوێژکاری ناوبراو بوو و لەڕەوتی دانوستانەکانی ئاشتیی حکومەتی ئانکارا لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیا(پەکەکە) لەماوەی ساڵانی٢٠١٣ هەتا٢٠١٥ی زایینی لە لێژنەی ڕاوێژکاریی بلیمەتاندا ئەندام بوو.

ناوبراو لەماڵپەڕی هەواڵیی تی ٢٤، وتارێک لەژێرناوی "لەبارەی هەندێ ئەزموونی تراژیک-کۆمیکی کوردان" ی بڵاو کردەوە.

ئۆران لە وتارەکەیدا بەڕەخنە گرتن لە ڕەوتی حکومەتی تورکیا، دەنووسێ: "حکومەتی تورکیا لە بن پێ کردنی مافە سیاسی، زمانی و کولتورییەکانی کوردان زۆر جیددی و مکوڕە".

لەکاردانەوە بەو وتارە، سولەیمان سۆیلو وەزیری ناوخۆی تورکیا، باسکین ئۆرانی لەبەر نووسینی وتارێک لەبارەی پێشێلکرانی مافی کوردەکان و سەرکوت کرانیان لەلایەن حکومەتی ئەو وڵاتە، بە خۆفرۆش ناوبرد.

پەرچەکرداری وەزیری ناوخۆی تورکیا بە وتارێک لەمەڕ داکۆکی لە کوردەکان، تەنیا نموونەیەکی بچووکە لە هەڵوێست گرتنی توندی بەرپرسانی حکومەتی ئانکارا لەهەمبەر کوردان و لایەنگرانیان لە تورکیایە. ئەوەش واپێشان ئەدات کە، کاربەدەستانی تورک نەک هەر داواکاریی کوردانی تورکیایان پێ تەحەمول ناکرێ، بەڵکوو هۆگری دابین کردنی داواکارییەکانیشیان نین.

لەوەها بارودۆخێکدا، واپێ دەچێ کە، دەرکرانی پێنجەمین نوێنەری پەرلەمان سەربە پارتی دیموکراتیکی گەلانی تورکیا، دەسپێکی خولێکی دیکە بێت لە گرتن وقۆڵبەست کردنەکانی ڕێبەرانی پارتی دیموکراتیکی گەلانی تورکیا.