شوبات 15, 2018 16:22 Asia/Tehran
  • دەمیرتاش: دادگەیی کردنی من سیاسییە

سەرۆکی پێشووی پارتی ئۆپۆزسیۆنی لاگری کوردەکانی تورکیا لە دانیشتنی دادگەیی کرانیدا وتی کە ئەو تۆمەتە تیرۆریستییانەی خراوەتە پاڵی، ئامانجی سیاسی لە پشتەوەیە و ئەو بڕوای بەوە نییە کە دادگەیەکی دادگەرانە و بە ئینساف بەڕێوە بچێ.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز؛ "سەڵاحەدین دەمیرتاش" یەک لە ڕێبەرانی زیندانیی پارتی دیموکراتیکی گەلانی تورکیا لە یەکەم ئامادەبوونیدا لە دادگە پاش ١٥ مانگ لەبەند کران وتی: تا ئێستا  هیچ شتێکم نەبینیوە کە تۆزقاڵێک هیوا بخاتە دڵی منەوە بەرامبەر بەوەی کە ڕەوتی دانیشتنەکانی دادگە بە ئینسافەوە بەڕێوە بچێ. هیچ هەنگاوێک هەڵنەگیراوە بۆ ئامادە کردنی ئەو بەڵگانەی کە بە سوودی منن.

دەمیرتاش وتی: "ڕەجەب تەیب ئەردوغان"ی سەرۆک کۆماری تورکیا داوای لە دادگە کردووە تا من بگرێ و پارتی دەسەڵاتدار کەمپەینێکی بۆ ناوزڕاو کردنی من وەڕێ خستووە.

دەمیرتاش وتی: سەرۆک کۆمارهەموو ڕۆژێ من بە تیرۆریست ناو دەبا و بە ئاشکرا فەرمان دەدات بە دادگەکان و پەرلەمان کە دژ بە ئێمە بجوڵێنەوە. ئەوە سیستەمی دادەوانی نییە کە منی کێشاوەتە ئێرە، بەڵکوو خودی  سەرۆک کۆمارە کە خەریکە من دادگەیی دەکات.

"سەلاحەدین دەمیرتاش" نۆڤەمبەری ٢٠١٦ لە سەرکوت کردنەکانی پاش کودەتای بێ ئاکامی ١٥ی ژولایی هەر ئەو ساڵە لە تورکیا، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەم وڵاتەوە قۆڵبەست کرا.

لێکدانەوەی دۆسیەی سەرۆکی لەبەند کراوی پارتی دیموکراتیکی گەلانی تورکیا ئەمڕۆ (پێنجشەممە) و سبەی (هەینی) لە دادگە درێژەی دەبێ.