ئادار 13, 2018 14:23 Asia/Tehran
  • کوژرانی سەربازێکی تورکیا لە باکووری سووریا

سەربازێکی سوپای تورکیا بە هۆی تەقینەوەی بۆمبی دەستی (نارنجۆک) لە ناوچەی عەفرین لە باکووری سووریا کوژرا.

بە پێی راپۆرتی هەواڵدەریی ئاناتوولی لە ئانکاراوە؛ ئەرکانی گشتیی سوپای تورکیا دوێنێ دووشەممە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند کە سەربازێکی سوپای ئەم وڵاتە بە هۆی تەقینەوەی بۆمبی دەستی لە ناوچەی جەندریس لە دەڤەری شاری عەفرین کوژراوە و سەربازێکی دیکەیش بریندار بووە.

تا ئێستا ڕێژە و هەژمارێکی ورد و درووست سەبارەت بە کوژراوانی ئۆپەراسیۆنی سوپای تورکیا لە عەفرینی سووریا ناسراو بە چڵەزەیتوون نەخراوەتە بەر دەست.

سوپای تورکیا  لە ٢٠ی ژانڤییەی ٢٠١٨ـەوە ئۆپەراسیۆنێکی بە ناوی "چڵەزەیتوون" لە شاری عەفرین لە باکووری سووریا دەست پێ کردووە. ئانکارا ڕایگەیاندووە کە ئامانجی لە بەڕێوە بردنی ئەو ئۆپەراسیۆنە پاکتاو کردنەوەی سنوورەکانی نیوان تورکیا و سووریا لە هەڕەشە و مەترسیی تیرۆریستانە.

وەزارەتی بەرەڤانیی سووریا بەردەوام ئۆپەراسیۆنی تورکیا و هاتنی هێزی سەربازیی ئەم وڵاتە بۆ نێو خاکی سووریای داوەتە بەر ڕەخنە و گازندەوە و ئەوەی بە بنپێ کردنی مافی سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سووریا ڕاگەیاندووە.

سەرپەیڤ