ئادار 13, 2018 17:41 Asia/Tehran
  • نوێنەری هەدەپە لە پەرلەمانی تورکیا: تەنیا ئاکەپە نکۆڵی لە کوژرانی منداڵان و خەڵکی سیڤیل لە عەفرین دەکا

نوێنەری پارتی دیموکراتیکی گەلانی تورکیا "هەدەپە" لە پەرلەمانی تورکیا وتی: هەمووان قەبووڵی دەکەن منداڵان و کەسانی سیڤیل دەکوژرێن تەنیا پارتی دادو گەشەیە ناچێتەژێر باری ئەو مەسەلە.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی کوردپرێس ؛ بەهجەت یێڵدریم نوێنەری ئادی یامان(سەمسون) لە پەرلەمانی تورکیا سەر بە پارتی دیموکراتیکی گەلان وێڕای ڕەخنەی توند لە ئۆپراسیۆنی سەربازیی تورکیا لە عەفرین وتی: هەمووان کوژرانی منداڵان و کەسانی سیڤیل قەبووڵ دەکەن تەنیا پارتی دادوگەشەیە کە قەبووڵی ناکات.

بەهجەت یێڵدریم نوێنەری ئادی یامان لە وتاردانەکەی لە پەرلەمانی تورکیا وتی: سوپای ئازادی سووریا دەتوانێ دوژمنایەتی و ڕق و قینی لە گەلی کورد لەدڵدا هەبێ و ئەمڕۆ لە عەفرین کردەی نامرۆیانە ئەنجام بدات بەڵام نابێ ڕێگە بدرێ هەم هێزە ئاسایشییەکانی تورکیا کە  ڕۆڵەی گشتمانن و هەمیش خەڵکانی ئەو ناوچەیە، تووشی گرفت و کێشەی گەورە بن.

نوێنەری هەدەپە لە درێژەی وتاردانەکەیدا وتی: ئەوەی کە داڕشتی حەشیمەتی لە عەفرین لەگۆڕان دایە، تەنیا ئێمە نایڵێین . ڕێکخراوە سەربەخۆ جیهانییەکانیش بۆ وێنە ڕێکخراوی نەتەوەکانیش هەر لەسەر ئەو ڕایەن. بەڵام کاتێک کە ئەو پرسە لەلایەن مەحموود توغرول، نوێنەری هەدەپە لە پەرلەمان دێتەئاراوە ناوبراو دەدەنە بەر مست و پێلاقان، هەمووان کوژرانی منداڵ و کەسانی سیڤیل قەبووڵ دەکەن تەنیا پارتی دادوگەشەیە کە قەبووڵی ناکا.

یێڵدریم وتی: بەداخەوە ئەو پەلامارە ناهەقەی ئەنجامی گرتووە حکومەتی تورکیای لە راستییەکان دوور خستووەتەوە.بەبەکارهێنانی توندوتیژی، زەخت و گوشار، قۆڵبەست کردن، زیندانی کردن و تەنانەت دەرکردن لەسەر کار هەوڵ دەدرێ خەڵک بێ دەنگ بکەن.