ئادار 14, 2018 17:14 Asia/Tehran
  • ئەردوغان باسی هەگەری کەوتنی تۆکمەوتەواوی شاری عەفرینی کردووە هەتا ئێوارەی ئەمڕۆ

ڕەجەب تەیب ئەردوغان سەرۆک کۆماری تورکیا وێڕای ئاماژە کردن بە گەمارۆ درانی شاری عەفرینی سووریا لە لایەن لەشکریانی تورکیاو چەکدارانی سوپای بەناو ئازادی سووریا، باسی هەگەری کەوتنی تۆکمەوتەواوی شاری عەفرینی کردووە هەتا ئێوارەی ئەمڕۆ.

بەپێی ڕاپۆرتی ئیرنا،ڕەجەب تەیب ئەردوغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە کۆبوونەوەی سەرۆک ئەنجومەنەکانی گەڕەکەکان هەروەها بانگەشەی چوونە دەرەوەی خەڵکی سڤیل لە عەفرینی کردو وتی: زۆر هەستیارانەو ورد دەجوڵێینەوەو ئێستاکە خەڵکی سڤیلی دانیشتووی عەفرین لە بوارگەیەکی تایبەتەوە بە ترۆمبیلەکانیان لە عەفرین دەچنە دەرەوە.

ناوبراو جارێکی تر یەکینەکانی پاراستنی گەلی ( یە پە گە) و پارتی یەکێتیی دیموکراتی سووریای بە تاقمگەلێکی تیرۆریست ناو بردو وتیشی: ئەم تیرۆریستانە لەو ناوچە شاخاوییانەی کە بە سەر خاکی تورکیادا دەڕوانن تونێل و قەڵاو بارەگای بەهێزیان دروست کرد بوو کە بەڵگە مەیدانییەکان وا دەردەخەن کە بە تەنیا ئەو کارەیان نەکردوە، بەڵکو هاوبەش و هاریکاریان هەیە.

ناوبراو بانگەشەی دروست کرانی قەڵاو بارەگای سەر سنووریی کردووە لە لایەن دەست و پێوەندەکانی پەیەدە لە سنوورەکانی تورکیا بە هاوکاریی هێزەکانی هاوپەیمانیی دژی داعش و وتووشیەتی: سەرباری ئەو هەنگاوانەشیان ئەوەتا شکستیان هێناوە.

ئەردوغان هەروەها بانگەشەی کوژرانی سێ هەزارو پانسەد کەس لە ئەندامانی یەپەگەو پەیەدەی کردووە لە تێکهەڵچوونەکانیان لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی تورکیاو چەکدارانی سوپای ئازادی سووریا لە ماوەی 54 ڕۆژ شاڵاوی چڵەزەیتون و وتیشی: لەم ماوەیەدا پتر لە هەزارو سێسەد کیلومەتری چوار گۆشە لە ناوچەکانی گردوپەڕی شاری عەفرین لەژێر ڕکێفی خۆی وتەنی تاقمە تیرۆریستەکان دەر هاتووە.

سەرۆک کۆماری تورکیا پێی داگرتووە: لە ماوەی ڕۆژانی داهاتوو جیا لە عەفرین، مەنبەج، ڕۆژهەڵاتی فۆرات و ناوچە سەر سنوورییەکان لە باکووری عێراقیش لە بوونی تیرۆریستان پاک دەکەینەوە.