May 14, 2018 13:43 Asia/Tehran
  • پێنج هەزار واژۆ بۆ ئازادکردتی دەمیرتاش کۆ کرایەوە

کەمپەینێک لە ژێر سەردێری"بۆ هەڵبژاردنێکی یەکسان و بی خەوش و ئازاد با سەڵاحەدین دەمیرتاش ئازاد بکرێت" لەسەر ماڵپەڕی "چەینچ دۆت ئۆرگ"دەستی پێکردووە، لەماوەیەکی کەمدا توانراوە پێنج هەزار واژۆ کۆ بکرێتەوە .

سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە 4ی تشرینی دووەمی ساڵی 2016 دەستگیرکرا، لە ئێستاشدا هەدەپە بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری تورکیا کاندیدی کردووە، کە بڕیارە 24ی مانگی داهاتوو ئەنجامبدرێت.

ناوەندی دیدارەکانی دیموکراسی بۆ هەڵبژاردنێکی یەکسان و بێ خەوش و ئازاد، دەستیان بە کەمپەینێکی واژۆ کۆکردنەوە کردووە، کەمپەینەکە دەیانویست پێنج هەزار واژۆ کۆبکەنەوە، دواتر واژۆکان و داواکاریەکەیان بۆ ئازادکردنی دەمیرتاش ئاڕاستەی هەریەک لە دادگای دەستوری تورکیا، دادگای باڵا و سەرۆکی دەستەی باڵای هەڵبژاردنی تورکیا بکەن، بەڵام لە ماوەیەکی کەمدا زیاتر لە پێنج هەزار واژۆ کۆکرانەوە.

لە بەشێکی دیکەی دروشمی کەمپەینەکەدا هاتووە، "نابێت هیچ کەسێک بەهۆی تێروانین و باوەڕیی جیاوازەوە سزا بدرێت"، هەروەها بنەمای دیموکراسی، "بریتییە لە یەکسانیی تاکەکان و پەسەندکردنی بیرورای جیاوازەکان".