حوزه‌یران 14, 2018 18:00 Asia/Tehran
  • دەمیرتاش ڕوو لە ئەردوغان : بۆ پاڵێوراوەتی لە هەڵبژاردن دا پێویست بە بڕوانامەی زانکۆ دەکات و کەچی کەس بڕوانامەی تۆی نەدیوە

پاڵێوراوی پارتی دموکراتی گەلانی تورکیا لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارەتیی تورکیا لە کاردانەوەیەک دا بەرامبەر بە قسەکانی ئەردوغان وتی: بۆ پاڵێوراوەتی لە هەڵبژاردن دا پێویست بە بڕوانامەی زانکۆ دەکات و کەچی کەس بڕوانامەی تۆی نەدیوە .

بەپێی ڕاپۆرتی کوردپرێس، سەلاحەدین دەمیرتاش، پاڵێوراوی پارتی دیموکراتی گەلانی بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆمارەتیی تورکیا، لە کاردانەوەیەک دا بەرامبەر بە قسەکانی ئەم دواییەی ڕەجەب تەیب ئەردوغان سەرۆک کۆماری ئێستای تورکیا کە پاڵێوراوەتیی دەمیرتاشی لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارەتی بە هەڵە زانی بوو وتی: ئەوتا ئەمجارەیان لەگەڵ بۆچوونەکەی ڕەجەب تەیب ئەردوغانم، بۆ وێنە دەبێت سەرەتا تۆ بۆ خۆپاڵاوتنت بۆ سەرۆکایەتیی کۆمار، بڕوانامەی زانکۆت هەبێت و بخەیتەڕوو، کەچی  تاوەکو ئێستا کەس بڕوانامەی تۆی نەبینیوە. بەڤگەکانی من بۆ پاڵێوراوەتیی لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارەتی تۆکمەوتەواوە، بەڵام بەڵگەکانی تۆ گومانیان لە سەرە.

ڕەجەب تەیب ئەردوغان سەرۆک کۆماری ئێستای تورکیا  لە وتەگەلێک دا وێڕای ڕەخنەگرتن لە پاڵێوراوەتیی سەلاحەددین دەمیرتاشی هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆمارەتیی تورکیا وتببوی: بۆ خۆپاڵاوتن دەبێ مەرجی پێویستت بۆ پاڵوراوەتیی هەڵبژاردن هەبێت، من پاڵێوراوەتیی دەمیرتاش بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆمارەتی بە هەڵە دەزانم . دەڵێن مەحکوم نەکراوەو هێشتا تۆمەتبارە، ئەم هەڵەیە دەبێ هەرچی خێراتر ساغ بکرێتەوە.

جێگای ئاماژەیە بڕیارە ڕۆژی ٢٤ی حوزەیران هەڵبژارنەکانی سەرۆکایەتیی تورکیا بەڕێوە بچێت و ئێستاش لەبەڕێوەچونی هەڵمەتی بانگەشەدا تادێ مڵملانێکان سەختتر دەبن.