ته‌مووز 10, 2018 03:46 Asia/Tehran
  • ئەردوغان کابینەی تازەی خۆی ناساند

ڕەجەب تەیب ئەردوغان سەرۆک کۆماری تورکیا چەند کالژێرێک دوای ئاھەنگی سوێند خواردنەکەی لە پەرلەمان و کۆشکی سەرۆک کۆماری، پێڕستی ئەندامانی کابینە تازەکەی خۆی ڕاگەیاند.

بە پێی ڕاپۆرتی ئێوارەی ڕۆژی دووشەممەی ئیرنا، کابینەکەی ئەردوغان کە یەکەم سەرۆک کۆماری تورکیا بە سیستێمی تازە دێتە ئەژمار،داگری شانزە وەزیرە . ئەردوغان جیا لەمە بۆ ڕاپەڕاندنی کاروباری دەوڵەتی تازەی تورکیا، چوار سەرۆکی نووسینگەی تایبەتی، ھەشت سەرۆکی ڕێکخراوەو نۆ سەرۆکی ئەنجومەنی حکومیشی لەگەڵدا دەبێت کە بۆ سەرۆکایەتی کردن یارمەتیی دەدەن.

وەزیرانی تازەو ئەندامانی دەوڵەتەکەی ئەردوغان پێویستیان بە دەنگی متمانە وەرگرتن لە پەرلەمان نییە، بەڵام ھەر ھەموویان دەبێ لە پەرلەماندا ئامادە بن و سوێند بخەن ، کە ئاھەنگی سوێند خواردنەکەشیان ئەمڕۆ سێ شەممە کاتژمێر دووی پاشنیوەڕۆ لە پەرلەمانی ئەو وڵاتەدا بەڕێوە دەچێت.

لە حکومڕانی نوێی تورکیادا، سیستەمی پەرلەمانی دەگۆرێت بۆ سیستەمی سەرۆکایەتی و پۆستی سەرۆک وەزیران نامێنێت، بەوپێیەش دەستەڵاتی ئەردۆغانی تەمەن ٦٤ ساڵ زیاتر دەبێت و مافی دامەزراندنی جێگری سەرۆکی وڵات و وەزیرەکان و بەرپرسان و دادوەرانی باڵای دەبێت بەبێ گەڕانەوە بۆ پەرلەمان. سەرۆکی تازەی تورکیا هەروەها دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و دەرکردنی فەرمانی جێبەجێکردن و سەپاندنی باری نائاساییشی هەیە .

ئەندامانی دەوڵەتی تازەی ئەردوغان کە بەبێ گەڕانەوە بۆ پەرلەمان دەتوانن لە کورتترین ماوەدا چالاکییەکانیان دەست پێ بکەن، بریتین لە:

فواد ئۆکتای؛ جێگری سەرۆک.

عەبدولحەمید گوێل؛ وەزیری داد.

مەولوود چاوش ئۆغلو؛  وەزیری دەرەوە.

سولەیمان سۆیلو؛ وەزیری نێوخۆ.

خولوسی ئاکار؛ وەزیری بەرگری.

بەرات بەیرەق  وەزیری گەنجینە و دارایی.،

فاتیح دۆنمیز؛ وەزیری وزە و سامانە سروشتییەکان،

مستەفا ڤارانک؛ وەزیری پیشەسازی و تەکنۆلۆژیا .

روخسار پێکجان؛ وەزیری  بازرگانی.

موراد کوروم؛ وەزیری  شارسازی و ژینگە.

زیا سەلجوق وەزیری پەروەردەیی نیشتیمانیی.

فەخرەدین کۆجا؛ وەزیری تەندروستی.

جاهید توران؛ وەزیری ژێرخان و گواستنەوە.

محەمەد ئێرسۆی؛ وەزیری ڕۆشنبیری و گەشتکاری.

زەهرا زومروت سەڵجوق؛ وەزیری ئیش وکارو خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتی و خێزان.

بەکر پاک دەمیرلی؛ وەزیری  کشتوکاڵ و دارستان.

محەمەد موحەرەم قەساب ئۆغلو؛ وەزیری  وەرزش و لاوان.

ئا بەم پێیە ، بەرات بەیرەق کە زاوای ئەردوغانیشەو پێشتریش وەزیری وزە بووە لە دەوڵەتی پێشووداو ھەروەھا مەولوود چاووش ئوغلو، سولەیمان سۆیلو و عەبدولحەمید گوێل کە چوار وەزیری ھەڵبژێردراوی ئەردوغانن و وەک نوێنەری پارتی دەستەڵاتداری دادوگەشەش ڕێیان لە پەرلەمانی تورکیا کەوتووە، ناچارن واز لە دامەزراوەی یاسادانانی وڵاتەکەیان بھێنن ھەتا بتوانن چالاکییەکانیان وەک وەزیر لە کابینەی تازەی تورکیادا دەست پێ بکەن. ئا بەمجۆرەو بە سەرنجدانی وازھێنانی موستەفا دەستچی نوێنەرەکەی دیکەی ئاکپارتی لە پەرلەماندا، ژمارەی نوێنەرانی ئەم پارتە لە پەرلەماندا بۆ ٢٩٠ کورسی دادەبەزێت.

لە میکانیزمی تازەی سەرۆکایەتیی تورکیادا ئەردوغان ھەشت ڕێکخراوەی سەربەخۆی لەژێر چاودێریی دامەزراوەی سەرۆکایەتیی کۆماردا پێکھێناوەو جیا لەوە چوار نووسینگەی تایبەتیی سەربە سەرۆک کۆماریشی دامەزراندووە کە تەواوی کاروبارە گرینگەکانی تورکیا لە ڕێگای ئەم چوار نووسینگەیەوە ڕادەپەڕێندرێت.