ته‌مووز 11, 2018 16:54 Asia/Tehran
  • بوردومانی ٢٨ بنکەی پەکەکە لە باکووری عێراق لە لایەن تورکیاوە

سوپای تورکیا باسی تێک شکێندرانی ٢٨ بنکەی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیای کرد لە لایەن فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئەو وڵاتەوە .

بە پێی ڕاپۆرتی ئیسنا بە گێڕانەوە لە سپۆتنیکەوە، ئەرکانی گشتیی سوپای تورکیا، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ چوار شەممە لە بەیاننامەیەک دا ڕایگەیاند کە فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئەم وڵاتەوە لە ئۆپراسیۆنێک دا ٢٨ ئامانج ، لەوانە مەتەرێز و ھەمارەکانی سەربە پەکەکەیان تێک شکاندووە.

لەم بەیاننامەیەدا ھاتووە: ئەو ناوچانەی وا لە لایەن ئەم فڕۆکە شەڕکەرانەوە کەوتوونەتە بەر ئامانج لە چیای قەندیلی باکووری عێراق دا بوونە.

تورکیا ماوەیەکە بە بیانووی ڕاوەدوونانی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان ئۆپراسیۆنێکی سەربازیی ئاسمانیی لەم ناوچەیەدا دەست پێ کردووە و لەم دواییەش دا ڕایگەیاندووە کە، ئەم وڵاتە یانزە بنکەی سەربازیی کاتیی لە باکووری عێراق دا دامەزراندووە.

ئەمەش لە حاڵێکدایە کە دەوڵەتی عێراق نەیاری ئەو ھەنگاوانەی تورکیایەو پێشتریش حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند بوو کە، ھیچ ھاواھەنگییەک لە نێوان عێراق و تورکیا لە بارەی ئەم ھێرشانەوە نەکراوە.

ئەمەو لە لایەکی دیکەوە، ئیبراھیم جەعفەری وەزیری کاروباری دەرەوەی عێراق دوای دیدارەکەی لەگەڵ ئەحمەد یێڵدز جێگری وەزیری کاروباری دەرەوەی تورکیا لە بەغدا، لە سەر نەیارەتیی لێبڕاوانەی وڵاتەکەی لەگەڵ ئۆپراسیۆنی سەربازیی تورکیا لە خاکی ئەو وڵاتە پێی داگرت و داوای چوونەدەرەوەی ھێزەکانی تورکیا لە باکووری عێراق بوو.

ھەر لەم پەیوەندییەدا لە ماوەی ڕۆژانی ئەم دواییەش دا شارومەندانی هەرێمی کوردستانی عێراق لە شارەکانی هەولێرو سلێمانی و دهۆک دژی لەشکەرکێشان و ئوپڕاسیونی سەربازیی تورکیا لە خاکی هەرێم دەستیان دایە خۆپیشاندانی ناڕازیانە و خوازیاری چوونەدەری تورکیا لە خاکی هەرێمی کوردستانی عێراق بوون.