ته‌مووز 12, 2018 17:17 Asia/Tehran
  • ھەڵبژێردرانی تورکێک وەکوو وتەبێژی پارتە کوردیەکەی ھەدەپە

پارتی دیموکراتی گەلانی تورکیا لەمیانەی بەیاننامەیەکی فەرمی دا ساروھان ئولچو"ی یاریدەری پارتی دیموکراتی گەلان و نوێنەری ئەستەموڵ لە پەرلەمانی ئەو وڵاتەی کردە وتەبێژی نوێی خۆی.

بە پێی ڕاپۆرتی کوردپرێس،پارتی دیموکراتی گەلان دوای پێکھاتنی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی خۆی، لە بەیاننامەیەکی فەرمی دا ساروھان ئولچو، یاریدەری پارتی دیموکراتی گەلان و نوێنەری ئەستەموڵ لە پەرلەمانی ئەو وڵاتەی  وەک وتەبێژی تازەی خۆی ھەڵبژارد.

لە بەیاننامەکەی پارتی دیموکراتی گەلان  ھاتووە: دوابەدوای دیاری کرانی ئایھان بیلگەن، وتەبێژی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان  وەکوو سەرۆکی فراکسینی پارتی دیموکراتی گەلان  لە پەرلەمانی تورکیا،ساروھان ئولچو، نوێنەری ئەستەموڵ لە پەرلەمان و یاریدەری پێشووی ئەم پارتە وەک وتەبێژی تازەی پارتی دیموکراتی گەلان ھەڵبژێردراوە.

ساروھان ئولچو لە نوێنەرانی تورکی پارتی دیموکراتی گەلانە کە لە ساڵی ١٩٥٨ لە ئەستەموڵ لە دایک بووەو خوێندنی خۆی لە ئاڵمانیادا تەواو کردووە. ناوبراو کە لە دەیەی ھەشتاو نەوەدی زایینی خەریکی کاری ڕۆژنامەگەری بووە، لە کۆتایی دەیەی نەوەدی زایینی ھاوڕێ لەگەڵ کۆمەڵێک لە سیاسەتڤانان پارتی ئارادی و بەرخۆدانی دامەزراندو ساڵانێکی دوورودرێژ یاریدەری ئەو پارتە بووە. ساروھان لە ئەندامانی دامەزرێنەری پارتی دیموکراتی گەلانیش دێتە ئەژمار و ھەتا بەرلەمە وەکوو یاریدەری ئەم پارتە چالاکیی نواندووە.