ته‌مووز 13, 2018 07:56 Asia/Tehran
  • گیان لەدەست دانی هەشت ئەندامی پەکەکە لەئاکامی پەلاماری سوپای تورکیا

هەشت چەکداری سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیا (پەکەکە) لەئاکامی پەلاماری ئاسمانیی سوپای وڵاتەکەیان بۆ سەر باکووری ئێراق گیانیان لە دەست دا.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئاناتوولی؛ ئەرکانی سوپای تورکیا ڕۆژی پێنجشەممە لە بەیاننامەیەکدا بە راگەیاندنی ئەم هەواڵە وتیشی: ئەو ئۆپەراسیۆنە ڕۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە (١١ و ١٢ی ژولایی ٢٠١٨) لە ناوچەی زاپ لە باکوور ئێراق و دەڤەری بتلیس بەڕێوە چووە.

پەکەکە زیاتر لە ٣٠ ساڵە کە دژ بە دەوڵەتی ناوەندیی تورکیا شەڕ دەکات.

دەوڵەتی تورکیا لە دوو ساڵ لەمەوبەرەوە ئۆپەراسیۆنێکی بەربڵاوی دژ بە بنکە و مەتەرێزەکانی پەکەکە لە ناوچە شاخاوییەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەم وڵاتە و هەروەها باکووری ئێراق دەست پێ کردووە و زۆرێک لە مەکۆ و حەشارگەکەیانی ناس کردووە و تیای بردوون.

دەوڵەتی ئانکارا بانگەشە دەکات ناوچە شاخاوییەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا و هەروەها کوێستانەکانی باکووری ئێراق و سووریا بوونەتە مەکۆ و بنکەی سەقامگیر بوونی هێزەکانی پەکەکە.