ئاب 09, 2018 12:19 Asia/Tehran
  • گیرانی پێنج گومانلێکراو بە ئەندامەتیی لە گرووپی گولەن

هێزە سەربازییەکانی تورکیا چوار کەسیان بە تۆمەتی ئەندامەتی لە گرووپی گولەن قۆڵبەست کرد.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئاناتوولی؛ ئەو چوار کەسەی کە ڕۆژی چوارشەممە بە تۆمەتی ئەندامەتی لە گرووپی گولەن  و دەستێدابوون لە کودەتای بێ ئاکامی ٢٠١٦ی تورکیا لە سنووری تورکیا و یوناندا گیران، بە نیازی هەڵاتن لەو وڵاتە بوون.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە هێزە سەربازییەکانی تورکیا هەروەها ئەو کەسەیشیان گرتووە کە بەنیازی یارمەتیدانی ئەو چوار گومانلێکراوە بووە.

هەروەها "ڕووکەن دەمیر" ڕۆژنامەوانی تورکیایی ڕۆژی چوارشەممە بە تۆمەتی پڕوپاگەندە و هەروەها داکۆکی لە پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیا (پەکەکە) لەلایەن پۆلیسی ئاسایشی شاری دیاربەکرەوە گیرا و پاش وەبەر لێپرسینەوە کەوتن گوێزرایەوە بۆ بەندیخانە.

زیندانی کرانی زیاتر لە ١٥٠ هەواڵنێر و ڕۆژنامەوان لە تورکیا دوابەدوای کودەتای بێ ئاکامی ژولایی ٢٠١٦ی ئەم وڵاتە تا ئێستا، کاردانەوەی توند و ڕەخنەی بەربڵاوی لە ئاستی جیهانیدا بە دواوە بووە و بە پێی ڕاگەیاندنی ڕێکخراوی ڕاپۆرتنێرانی بێ سنوور، تورکیا لە خشتەی وڵاتانی جیهاندا لە بواری ئازادی ڕاگەیاندن لە یەکێک لە خوارترین پلەکاندایە.