ئاب 10, 2018 15:06 Asia/Tehran
  • سه‌ره‌ڕای سزاکانی ئه‌مریکا، تورکیا سووره‌ له‌سه‌ر مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ ئێران

وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا رایگەیاند: لەگەڵ ئێران پەیوەندییێکی کۆن و مێژوویی بازرگانیمان هەیە و بەردەوام دەبین لە کڕینی گازی سروشتی لەو وڵاتە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، فاتیح دونمەز، وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا رایگەیاند: ‌ هاوردە کردنی گازی سروشتی لە ئێرانەوە بە پێی گرێبەستێکی درێژماوە ئەنجام دراوە و ئەو گرێبەستە تا ساڵی 2026 بەردەوام دەبێت.

ناوبراو باسی لەوەش کرد، ساڵانە نزیکەی نۆ ملیار و 500 ملیۆن مەتری سێجا گازی سروشتی لە ئێران دەکڕین و بە پشت بەستن بە حوکمەکانی گرێبەستەکە ئەو بازرگانییە بەردەوام دەبێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆک کۆماری ئەمەریکا دوای سەپاندنەوەی سزاکان بەسەر ئێراندا رایگەیاند: هەر وڵاتێک مامەڵەی ئابووری لەگەڵ تاران بکات، دووچاری سزای توند دەبێت و مافی ئەوەشی نابێت مامەڵەی ئابووری لەگەڵ ئەمریکا بکات.

دەوڵەتی ئەمریکا پاش چەن مانگ هەڕەشە و گوڕەشە، لە سەر لە بەیانی سێشەممەوە (٧ی ئاگوست) بایکۆتە ئەتۆمییە هەڵپەسێردراوەکانی دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێرانی سەر لە نوێ بووژاندەوە.

قەدەغەی بازرگانی بە دۆلار، قەدەغەی بازرگانی بە زێڕ، قەدەغەی سەرمایەنانەوە لە پیشەسازیی ئۆتۆمبیل، قەدەغەی بازرگانیی پۆڵا و قەدەغەی فرۆشرانی فڕۆکەی موسافیرهەڵگر و پارچەکانی پێویستی، لەو بایکۆتانەن کە بە فەرمانی "دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا سەر لە نوێ بە سەر ئێران داسەپێندراونەتەوە.