ئاب 12, 2018 16:26 Asia/Tehran
  • کاردانەوەی توندوتیژی ئەردوغان بەرامبەر بە سیاسەتی ھێرشبەرانەی ترەمپ

سەرۆک کۆماری تورکیا لە کاردانەوەیەک دا ەرامبەر بە سیاسەتی ھێرشبەرانەو پڕ لە ھەڕەشەو گوڕەشەی سەرۆک کۆماری ئەمریکا دژی ئەو وڵاتە ڕایگەیاند: جەماوەری تورکیا دەمرن بەڵام ملکەچی سەرشۆڕی نابن.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕادیۆو تەلەفزیۆنی ئێران، ڕەجەب تەیب ئەردوغان سەرۆک کۆماری تورکیا وێڕای ئاماژە کردن بە وتەکانی ئەم دواییەی داناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە بارەی ئەمەی کە تورکیا دەبێ ھەتا کاتژمێر ١٨ی ڕۆژی یەکشەممە ئاندرۆ برۆنسۆنی قەشەی ئەمریکی ئازاد بکات، پێی داگرت: ئەمریکا ناتوانێ بە زمانی ھەڕەشەو گوڕەشە گەلی تورکیا بە چۆک دا بێنێ.

ئەردوغان بە دەربڕینی ئەمەی کە فیداکردنی تورکیا بۆ قەشەیەک شیاوی ھاوبەشیی ستراتژیانە نییە، وتیشی: تورکیا وڵاتێکی یاسامەندەو قەت لە چوارچێوەی یاسا ناترازێت.

حکومەتی تورکیا ئەندرو برونسۆنی لە مانگی ئۆکتۆبری٢٠١٦ بەتۆمەتی ئەنجامدانی هەوڵی تیرۆریستی، شۆڤاری و پەیوەندی گرتن بە فەتحوڵڵا گولەن، قۆڵبەست کردو و ئێستاش لە ماڵەکەی لەتورکیا دەستبەسەرە.

سەرۆک کۆماری تورکیا ھەروەھا وێڕای تۆمەتبار کردنی ئەمریکا بە وەڕێ خستنی شەڕی ئابووری لە جیھاندا، وتیشی: تورکیا خەریکی بەستێن خۆشکردنە بۆ سات و سەودا کردن بە پارەی نیشتیمانی لەگەڵ ئێران و ڕووسیاو چین و ئۆکرانیا وەکوو کۆمەڵە وڵاتێک کە زیاترین بارستایی بازرگانیی لەگەڵیاندا ھەیە.

ئەردوغان پێشی داگرتوە کە، ئەگەر بێتوو وڵاتانی ئەورووپاش خوازیاری خۆڕاپسکاندن لە دۆلار بن ئامادەیە لەگەڵ ئەوانیش دا ھەر بە ھەمان شێوە کاری بازرگانی بکات.

پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ ئەمریکا لە ماوەی ساڵانی ئەم دواییە لە بەر کێشەگەلێکی وەک پشتگریی سەربازییانەی واشێنگتۆن لە شەڕڤانانی کوردی سووریا، ڕادەست نەکردنەوەی فەتحوڵڵا گوێلەن کە تورکیا بەگەڵاڵەداڕێژی سەرەکیی کودەتا ناسەرکەوتووەکەی ١٥ی ژوولای٢٠١٦ی تورکیای دەزانێ، ھەڕەشەی بایکۆت کردن لە بەر کڕینی سیستێمگەلی موشەکیی ئێس چوارسەد لە ڕووسیاو ھەروەھا قۆڵبەست کردنی قەشەیەکی ئەمریکی لە تورکیا، ئاڵۆزتر بووە.