ئه‌یلوول 16, 2018 11:47 Asia/Tehran
  • تورکیا بەردەوامە لەناردنی هێز بۆ سەر سنوورەکانی سوریا

ژمارەیەک تانک، تۆپهاوێژ و ئۆتۆمبیلی سەربازیی و یەکەی کۆماندۆ وەک هێزی پشتیوانی بۆ هێزەکانی سوپای تورکیا لەسەر سنوور لەگەڵ سوریا، گەیشتنە شاری هاتای.

ئاژانسی ئەنادۆڵ بڵاویکردەوە، کە کاروانێک بارهەڵگر تانک و زرێپۆش، ئۆتۆمبیلی سەربازی و پێداویستی لۆجستییان هەڵگرتووەو لەیەکە جیاجیاکانی تورکیاوە نێردراون، بەشارۆچکەی هاسسادا تێپەڕی‌و لەژێر چاودێریی ئەمنییدا گەیشتە شارۆچکەی کرکخان.

هەر بەپێی ئاژانسەکە، کاروانەکە لەژێر رێوشوێنی ئەمنی توند دا بەڕێکران و وەک پشتیوانی بۆ هێزەکانی سەر سنوور لەگەڵ سووریا رەوانەکراون.

ئەمە لەکاتێکدایە، تا دێت وادەی دەستپێکردنی شەڕی ئیدلیب لەسوریا نزیک دەبێتەوەو تورکیاش بۆ ئامادەکاری ئەو شەڕە ماوەیەکە دەستی بەناردنی هێزو کەلوپەلی سەربازی بۆ سەر سنوورەکانی سوریا کردووە.