تشرینی دووه‌م 07, 2018 16:22 Asia/Tehran
  • جەختی وەزیری دەرەوەی تورکیا لەسەر پێویستیی ئانکارا بە وزەی ئێران

وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند: ئەم وڵاتە ناتوانێ هاوردەی وزە لە ئێران ڕابگرێت.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژی چوارشەممەی ئیرنا، مەولوود چاووش ئوغلو وەزیری کاروباری دەرەوەی تورکیا دوای دیدار لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن لە تۆکیۆ پێی داگرت: دۆزینەوەی سەرچاوەگەلی وزە بێجگە لە ئێران بۆ تورکیا دژوارەو گوشارەکانی ئەمریکا جێگای قەبووڵ نییە و ناکرێ پێملی داخوازییەکانی بین بۆ ڕاگرتنی هاوکاری لەگەڵ ئێران دا.

چاووش ئوغلو وێڕای بە بێ ئەنجام و مەترسیدار زانینی هەنگاوەکانی ئەمریکا لەمەڕ تەریک خستنەوەی ئێران وتیشی: تەنانەت ئەگەر ئەم بایکۆتنانە دەرەنجامێکیشی هەبێت بۆ ئانکارا جێگای قەبووڵ نییە.

ڕەجەب تەیب ئەردوغان سەرۆک کۆماری تورکیاش ڕۆژی ڕابردوو وێڕای ئیدانە کردنی بایکۆتەکانی ئەمریکا دژی ئێران وتی : وڵاتەکەی قەت پێبەندی ئەو بایکۆتانە نابێت.

زۆرێک لە وڵاتانی جیهان لەوانە چین و ڕووسیاو تورکیا بۆ دژایەتی دەربڕین لەگەڵ بڕیارەکەی سەرۆک کۆماری ئەمریکا ڕایانگەیاندووە لە داخوازییەکی داناڵد ترەمپ پەیڕەوی ناکەن.

نەیارەتیی کۆمەڵگای جیهانی لەگەڵ بایکۆت کرانی ئێران و هەڵکشانی نرخی نەوت بووەتە هۆی ئەوەی کە ئەمریکا هەشت بسێنی گەورەی نەوتی ئێران، واتە چین، هیند، یۆنان، ئیتالیا، تایوان، ژاپۆن، تورکیا و کۆریای باشووری لە ڕەوتی بایکۆتە نەوتییەکانی دژی تاران هەڵاوێرێ.

داناڵدترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا ڕۆژی سێ شەممە ھەشتەمی مانگی مای  ٢٠١٨  وێڕای دووپات کردنەوەی ھێندێک بوختانی بێ ناوەڕۆکی دژی ئێران کشانەوەی یەکلایەنەو نایاسایی وڵاتەکەی لە ڕێککەوتنی ناڤۆکیی ئێران لەگەڵ وڵاتانی پێنج کۆ یەکی کە لە ساڵی ٢٠١٥ دا واژۆ کرا بوو، ڕاگەیاند.قۆناغی یەکەمی ئەم بایکۆتانە لە حەوتی ئوتەوە جێبەجێ کراو قۆناغی دووھەمیش کە داگری بایکۆتی کڕینی نەوت لە ئێرانیشە لە پێنجەمی نوامبەرەوە چووەتە واری جێبەجێ کردنەوە.

ئەو کارەی ترەمپ لەگەڵ ئیدانەکرانی بەربڵاوی نێوخۆیی و نێونەتەوەیی دا بەرەوڕوو بووەتەوە و زۆرێک لە وڵاتانی جیھان خوازیاری پاراستن و پەرە پێ دانی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێراندان.