کانونی دوھەم 12, 2019 18:21 Asia/Tehran
  • پارێزەری لەیلا گۆڤەن: باری تەندروستیی گۆڤەن ناجێگیر و شپرزەیە

"گولشەن ئوزبەک" پارێزەری لەیلا گۆڤەن، پەرلەمانتاری بەندکراوی هەکاری سەربە پارتی دیموکراتیکی گەلان(هەدەپە) پاش دیدار لەگەڵ بەرپارێزەکەی ، باری تەندروستی ناوبراوی زۆر شپرزە وەسف کرد.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی کوردپرێس بەگێڕانەوە لە رۆژنامەی جمهورییەت؛ گولشەن ئوزبەک، پارێزەری لەیلا گۆڤەن، نوێنەری زیندانی کراوی هەکاری لە پەرلەمانی تورکیا سەربە پارتی دیموکراتیکی گەلان(هەدەپە) پاش هەشت ڕۆژ لەدوا دیداری لەگەڵ بەرپارێزەکەی لە شەست و پێنجەمین رۆژی مانگرتن لەخواردنی ئەو پەرلەمانتارە کوردەی پەرلەمانی تورکیا ، لەگەڵ ناوبراودا دیداری کردو لە دیمانە لەگەڵ پەیامنێراندا، باری تەندروستی لەیلا گۆڤەنی زۆر ناجێگیر و شپرزە راگەیاند.

ئوزبەک پاش دیدار لەگەڵ لەیلا گۆڤەن لەزیندانی تیپی "ئی"ی دیاربەکر لە لێدوانەکەیدا وتی: گۆڤەن لەباری جەستەیی لەدۆخێکی زۆر هەستیاردایە. پزشکان ئاگاداری ناجێگیریی باری تەندروستی ناوبراون و لە حەوشی زیندان ٢٤ سەعاتە ئەمبوڵانس لەئامادەیی دایە. لەیلا گۆڤەن تائێستا هیچ چارەسەرییەکی پزشکی قەبووڵ نەکردووە.

شیاوی ئاماژەیە، لەیلا گۆڤەن، نوێنەری هەدەپە لە پەرلەمانی تورکیا لە بەرواری هەشتی نۆڤمبەری٢٠١٨وە بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بە لەبەندکرانی درێژماوەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەری بەندکراوی پەکەکە و بڵاونەکرانەوەی هەواڵ لەبارەی باری تەندروستی ناوبراو، لەزیندانی ئیدرنە دەستی داوەتە مانگرتن لەخواردنی درێژماوە.