تورکیا؛ فه‌رمانی ده‌ستگیرکردنی بۆ 16 ئه‌ندامی هه‌ده‌په ده‌رکرد
رۆژنامه‌ی (بیرگن)ی تورکی بڵاویکره‌وه که داواکاری گشتیی تورکیا، بە تۆمەتی تیرۆر، فه‌رمانی ده‌ستگیرکردنی بۆ (16) ئه‌ندامی پارتی دیموکراتیی گه‌لان (هه‌ده‌په) ده‌رکردوه.
رۆژی (30)ی کانونی دوه‌می رابردو هه‌ده‌په کۆبونه‌وه‌یه‌کی له شاری مادرین ساز کرد که تیایدا کاندیده‌کانی ئه‌و پارته بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی شاره‌وانییه‌کان که بڕیاره له (31)ی ئازار ساز بکرێت، خۆیان ناساند.
داواکاری گشتیی تورکیاش ئاماده‌بوانی ئه‌و کۆبونه‌وه‌یه‌ی تۆمه‌تبار کرد به بانگه‌شه‌کردن بۆ پارتی کرێکارانی کوردستان (په‌که‌که). داواکاری گشتی ده‌ڵێت له‌و کۆبونه‌وه‌یه‌دا چه‌ندین دروشم و هۆتاف وه‌ک پشتیوانی بۆ په‌که‌که به‌رزکراونه‌ته‌وه و هه‌روه‌ها ئاماده‌بوان خوله‌کێک به‌بێده‌نگی وه‌ستاون بۆ گیانی ئه‌وانه‌ی له شه‌ڕی نێوان تورکیا و په‌که‌که‌دا گیانیان له‌ده‌ستداوه.
دوابه‌دوای ئه‌و کۆبونه‌وه‌یه‌ش، هه‌ر له‌و رۆژه‌دا پۆلیسی تورکیا ژماره‌یه‌ک له ئه‌ندامانی هه‌ده‌په‌ی ده‌ستگیرکردوه.