ته‌مووز 13, 2019 19:03 Asia/Tehran
  • دابەزینی بەرچاوی بەهای لیری تورکیا دوابەدوای گەیشتنی سیستەمی مووشەکیی ڕووسیا بۆ تورکیا

بەگەیشتنی سیستەمی مووشەکیی ڕووسیا بۆ تورکیا، بەهای لیر پتر لە ١.٢ لەسەت دابەزی.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی ئیسنا، پاش چەند مانگ کێشمەکێشی نێوان تورکیاو ئەمریکا لەسەر کڕینی سیستەمی مووشەکیی ئێس-٤٠٠ لە ڕووسیا، وەزارەتی بەرگریی تورکیا ڕایگەیاند کە یەکەم باری ئەو سیستەمە بەرگرییەی وەرگرتووەو نیگەرانی لەمەڕ کاردانەوەی واشنگتۆن بەرامبەر ئەو کردەو سەپێندرانی بایکۆتەکان، بوو بەهۆی داکشان لەبازاڕە دراڤیەکانی تورکیا.

لە یەکەم کاردانەوە بە گەیشتنی ئەو سیستەمانە بە تورکیا، هاوڕێ بوو لەگەڵ بەهای لیر لە ئاڵووێرە بانکییەکانی ئەستەمووڵ بە زیاتر لە١.٢ لەسەت دابەزین هەتا نرخی هەر دۆلارێک بگاتە ٥.٧٦ لیر. هەر فرانکی سوئیسیش بەهەڵکشانێکی هاوذێوە بە ٥.٨١ لیر ئاڵووێر کرا.

کریستیەن مەجیۆ، ستراتژیستی بازاڕەکانی تازەدەرکەوتوو لەدامەزراوەی "تی دی" کەنادا بەئاماژە بەکاردانەوەی کەم وێنەی بازاڕە دراڤیەکانی تورکیا بە کڕینی سیستەمی بەرگریی ئێس-٤٠٠ وتی: ریسکی بایکۆتە شیمانەییەکانی ئەمریکا، مامەڵەکاران و چالاکوانانی بازاڕە دراڤییەکانی تورکیای بەتوندی نیگەران کردووە.

ئەمریکا کە پێشتر لە یەکەم کاردانەوە بەکڕینی ئەو سیستەمە، مەشق پێکردن بە فڕۆکەوانانی تورکی لە بەرنامەی فڕۆکەی جەنگیی ئێف-٣٥ی ڕاگرتبوو، هەڕەشەی کردووە، بایکۆت بەسەر تورکیادا دەسەپێنێ و نیگەرانیی چالاکوانانی بازاڕ لەبەر ئەوەیە کە واشنگتۆن دەست بخاتەسەر بەڵگەکانی قەرزی تورکیا کە زۆر گرێدراوی دۆلارە.