ته‌مووز 14, 2019 12:48 Asia/Tehran
  • داخوازی سێنای ئەمریکا لەمەڕ بایکۆت کردنی تورکیا بەهۆی کڕینی سیستەمی

پەیوەندیەکانی نێوان تورکیا و ئەمریکا لەپاش کوودەتا بێ ئەنجامەکەی 15ی ژووئیەی 2016، بەرەوڕووی کێشە و ناکۆکی زۆر بووەتەوە.

بەپێچەوانەی هیوای کاربەدەستانی تورک لەمەڕ چاک بوونی پەیوەندیەکانی نیوان دوو وڵات پاش هاتنە سەر کاری "دۆناڵد ترەمپ" لە کردەوەدا ناکۆکیەکانی نێوان هەر دوو وڵات زۆرتر بووەتەوە.

یەکێک لە ناکۆکیە گرینگەکانی نێوان ئەمریکا و تورکیا، پێداگریی ئانکارایە لەسەر کڕینی سیستەمی مووشەکی دژە ئاسمانیی ئێس 400 لە ڕووسیا. بە سەرەنجدان بە گەیشتنی قۆناغی جێبەجێ کرانی ئەو گرێبەستە و دەس پێ بوونی ڕەوتی ڕادەست کرانی سیستەمەکانی ئێس 400 بە تورکیا، تاقمێک لە سیناتۆرە ئەمریکیەکان، خوازیاری بایکۆت کرانی ئانکارا بوون.

ئەم سیناتۆرانە ڕۆژی هەینی 12ی ژووئیە داوایان لە ترەمپ کردووە تا هەندێک بایکۆت داسەپێننە سەر تورکیا بە هۆی کڕینی ئەو سیستەمە مووشەکیە لە ڕووسیا و بەو چەشنە ڕەوتی فرۆتنی فڕۆکە شەڕکەرەکانی بەرەی پێنج واتە ئێف 35 بە ئانکارا هەتا کاتی نادیار بوەستێنن.

"مەولوود چاوش ئۆغلوو"ی وەزیری دەرەوەی تورکیا

"مەولوود چاوش ئۆغلوو"ی وەزیری دەرەوەی تورکیا بە ئاماژەدابن بە هەڕەشە و گوڕەشەکانی ئەمریکا گوتی: " گرێبەستی سیستەمی مووشەکیی ئێس 400 لە نێوان تورکیا و ڕووسیا یەکلایی بووەتەوە و کەس بۆی نییە بە ئانکارا بڵێت لە نێوان ڕۆژئاوا و ڕووسیادا یەکێکیان هەڵبژێرێت.

خاڵی سەرەکی لەمبارەوە ئەوەیە کە ئەمریکا بەردەوام بەدوای داسەپاندنی سیاسەتی یەکلایەنەی خۆی بووە بەسەر جیهاندا، بەڵام ئەو سیاسەتە ملهوڕانەیە و دەکارهێنانی زۆربێژی لە پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکاندا لەکاتی هاتنەسەر کاری ترەمپەوە زیاتر بووەتەوە و پێدەچێت ئەمریکا بە وتەی زۆرێک لە کارناسان هەر لەگەڵ ئەو چەشنە شێوەئاخافتنە ڕاهاتبێت.

بایکۆتەکان ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ ناکارامەییان زیاتر دەردەکەوێت و ئەمریکا بۆ قەرەبوو کردنەوەی، بایکۆتێکی زیاتر دادەسەپێنێت. لە ئاوەها هەلومەرجێکدا پێویستە تورکیا و وڵاتانی بایکۆت کراو لەلایان ئەمریکاوە، بە یەکگرتنی زیاتر و هاولایەنی سیاسی و ئابووری، توانای خۆڕاگری خۆیان لەبەرامبەر بایکۆتەکاندا زیاتر بکەنەوە.

 

سەرپەیڤ