ئاب 11, 2019 08:35 Asia/Tehran
  • ئاڵتان تان نوێنەری پێشووی HDP لە پەرلەمانی تورکیا: هەر سات ئەگەری ئەوە لە ئارادایە کە فەرمانی چەکدانان لە  ئیمرالییەوە دەرکرێ

ئاڵتان تان نوێنەری پێشووی پارتی دیموکراتیکی گەلان (HDP) لە پەرلەمانی تورکیا لە لێدوانێکدا بە ئاماژە بە دوایین پەیامی "عەبدوڵلا ئۆجالان" ڕێبەری لەبەند کراوی پەکەکە سەبارەت بە ئامادە بوونی بۆ چارەسەر کردنی کێشەی کورد ڕایگەیاند: هەر سات ئەگەری ئەوە لە ئارادایە کە فەرمانی چەکدانان لە ئیمرالییەوە دەرکرێ.

بە پێی ڕاپۆرتی کوردپرێس؛ ئاڵتان تان نوێنەری پێشووی پارتی دیموکراتیکی گەلان(HDP) لە پەرلەمانی تورکیا  و  یەکێک لە سیاسەتوانانی بلیمەتی پارێزکاری کوردی تورکیا بە ئامادەبوون لە بەرنامەیەکی زیندووی تەلەڤزیۆنی لە کەناڵی TV5ی تورکیا  لە لێدوانێکدا بە ئاماژە بە دوایین پەیامی عەبدوڵلا ئۆجالان ڕێبەری لەبەند کراوی پەکەکە سەبارەت بە ئامادە بوونی بۆ چارەسەر کردنی کێشەی کورد رایگەیاند: پاش ئەوی پەیامەی ئۆجالان ئەگەری ئەوە زۆرە کە پرۆسەی دانوستانێکی دیکەی "کورد_ تورک" دەست پێ ببێتەوە.

ناوبراو هەروەها راشکاوانە ڕایگەیاند: PKK لە بەرەی تورکیا نە وەک تاکتیک بەڵکوو وەکوو ستراتژییەک تاهەتایە دەبێ چەک دابنێت. هەر سات ئەگەری ئەوە لە ئارادایە کە لە ئیمرالییەوە پەیامێک دەرکرێ لە هەمان چوارچێو کە ساڵی ٢٠١٣ بڵاو بوویەوە. ئەو نامەی کە سێ چوار ڕۆژ پێش هەڵبژاردنەکای ئەستەموڵ لە لایەن  ئۆجالانەوە نێردراوە و هەروەها قسە و باس سەبارەت بە "هەستیارییەکانی تورکیا" لە سەردانی پارێزەرانی ئۆجالان لە زیندانی ئیمرالی هەموو سەلمێنەری ئەو بابەتەن. 

ئاڵتان تان وتیشی: بە بۆچوونی من بە سەرنج دانی ئەو پەیامەی کە ئۆجالان بڵاوی کردۆتەوە لە ڕۆژانی داهاتوودا پەیامی چەکدانانیش هەروەک کانسێپتەکەی ساڵی ٢٠١٣ دەر دەکات. لە راستیدا ئێمە چاوەڕێی ئەو پەیامە دەکەین.