ئاب 14, 2019 08:48 Asia/Tehran
  • وەزارەتی بەرەڤانیی تورکیا: هەوڵی دانانی بناغەی ناوەندی ئۆپراسیۆنی هاوبەشی تورکیا_ ئەمریکا دەستی پێ کراوە

وەزارەتی بەرەڤانیی تورکیا، وێڕای ئاماژە کردن بە گەشتی شاندی سەربازیی ئەمریکا بۆ تورکیا، ڕایگەیاند: هەوڵی دانانی بناغەی ناوەندی ئۆپراسیۆنی هاوبەشی تورکیا_ ئەمریکا لەگەڵ ئەو شاندەی ئەمریکی کە سەردانی شانلی ئورفایان کردبوو ،دەستی پێ کراوە.

بە پێی ڕاپۆرتی کوردپرێس بە گێڕانەوە لە ڕۆژنامەی حوڕییەت، دوابەدوای سەردانی شاندەکەی ئەمریکا بۆ شانلای ئورفای تورکیاو بەسەر کردنەوەی ناوچە سەرسنوورییەکان لە ئاراستەی ڕێککەوتنەکەی نێوان تورکیاو ئەمریکا بۆ دامەزراندنی ناوچەی ئارام لە باکووری سووریا، وەزارەتی بەرەڤانیی تورکیا وێڕای ئاماژە کردن بەم ئاڵوگۆڕانە ڕایگەیاند: هەوڵی دانانی بناغەی ناوەندی ئۆپراسیۆنی هاوبەشی تورکیا_ ئەمریکا  لەگەڵ ئەو شاندەی ئەمریکی کە سەردانی شانلی ئورفایان کردبوو ،دەستی پێ کراوە.

لە بەیاننامەی وەزارەتی بەرەڤانیی ئەمریکادا باسی ئەوە کراوە کە، هەوڵێکی شێلگیرانە بۆ دامەزراندنی ئەم ناوەندە خراوەتە نێو بەرنامەی کارەوە. بۆ چێکردن و دامەزراندنی ناوەندی ئۆپراسیۆنی هاوبەشی تورکیا_ ئەمریکاو هەروەها دەستبەکار بوونی خێرای ئەم ناوەندە ، بێ بێ کات بەفێڕۆدان  خەریکی پێ و شوێن گرتنن.

هەروەها وەزیری بەرەڤانیی تورکیا لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی تەرەتە لە وتەگەلێکدا وێڕای ئاماژە کردن بە پرسی ناوچەی ئارام لە باکووری سووریا وتی: کۆنترۆڵی سنوورە ئاسمانییەکان، ڕێکخستن و هەروەها گۆڕینەوەی زانیاری بابەتێکی هەرە گرینگە. لە بارەی ئەم بابەتانەشەوە بە هێندێک ڕێککەوتن و هاوبیروڕایی گەییشتووین.

جێگای ئاماژە تورکیاو ئەمریکا لە حەوتی ئاگۆستی 2019 ی زایینی دوای خولێکی دانوستانێکی سێ ڕۆژە لە ئانکارا بۆ دامەزراندنی ناوەندێکی ئۆپراسیۆنی هاوبەش لە تورکیا بە مەبەستی پێکهێنانی ناوچەیەکی ئارام بە شێوەیەکی ڕێکخراوو بە هاریکاریی یەکتر پێکەوە ڕێک کەوتبوون.