ئاب 25, 2019 08:46 Asia/Tehran
  • ئەحمەد داوود ئۆغلو: نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر کە بکرێتەوە زۆر کەس هەر لە ڕوویان نایەت چاو لە نێوچاوانی یەکتری بکەن

ئەحمەد داوود ئۆغلوو سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی پێشووی تورکیا لە لێدوانێکدا رایگەیاند: نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر کە بکرێتەوە زۆر کەس لە ڕوویان نایەت چاو لە نێوچاوانی یەکتری بکەن.

بە پێی راپۆرتی کوردپرێس بە گێڕانەوە لە ڕۆژنامەی دیوار؛ "ئەحمەد داوود ئۆغڵوو" سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی پێشووی تورکیا لە لێدوانێکدا بە ئاماژە بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ٧ی ژوەن- ١ی نۆڤەمبەری ٢٠١٥ کە پاش هەڵبژاردنی نوێنەرانی پەرلەمان هەتا دووپات بوونەوەی ئەنجام درا، وتی:  بێتوو نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بکرێتەوە زۆر کەس لە ڕوویان نایەت چاو لە نێوچاوانی یەکتری بکەن. ئەو کاتەی کە مێژووی کۆماری تورکیا دەنووسرێ دڵنیام کە یەکێک لە گرینگترین سەردەمەکانی لەو مێژوویەدا ٧ی ژوەن تا ١ی نۆڤەمبەری ٢٠١٥ دەبێ.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا جەختی کرد: ئەو کەسانەی کە ئاگادارن لەو پۆستانەی ئێمە وەلامان ناوە ، باش دەزانن کە ئێمە لە دووی پۆست و پلە نین. دەیانتوانی بە ناڕەزایەتی وەڵامی ناڕەزایەتیمان  بدەنەوە ، بەڵام بە ئێمەیان وت خائین، کەسێک کە بە پشتگریی گەل و جەماوەر دەسەڵاتی گرتۆتە دەست و بووە بە سەرۆک وەزیرانی ئەم وڵاتە کەس مافی ئەوەی نییە بە خائین ناوی ببات. لەم وڵاتەدا هیچ خەیانەتکارێک نەبووە بە سەرۆک وەزیران. لەمەبەدوایش نابێ. ئێمە چ خەیانەتێکمان کردووە؟ باشترە لە قاوی بدەن. ئەگەر لە  پێناو خەباتی ئەم گەلە و ویژدانی جەماووەریدا تەنیا  یەک هەنگاوی هەڵەمان هەڵگرتووە، پێمان بڵێن.

داووود ئۆغلوو لە درێژەی قسەکانی خۆیدا بە ڕەخنە لە وەلانرانی شارەدارانی کوردی تورکیایش ڕاشکاوانە رایگەیاند: ئەگەر لەم وڵاتەدا هەڵبژاردن بەڕێوە دەچێ و ئەنجامەکەیشی لەوپەڕی راستی و درووستی دەخرێتە بەردەست و لە سنووقەکانی دەنگدان ویست و خواستی  گەلێک دەردەکەوێ، دەبێ ڕێز لەو ویست و خواستە بگیردرێ. تێبینی ئێمە سەبارەت بە ویست و ورەی جەماوەری ئەوەیە. ڕێزدانان بۆ سەرۆکانی شارەداری نییە بەڵکوو ڕێزدانان بۆ سەدان هەزار شاروومەندێکە کە هاتوونەتە پێی سنووقەکانی دەنگدانەوە و دەنگیان داوە، نابێ دیموکراسی لەم وڵاتە بکەوێتە مەترسییەوە.