ئه‌یلوول 07, 2019 17:32 Asia/Tehran
  • شاندێکی پارتی دیموکراتیکی گەلانی  تورکیا گەیشتە هەولێر

شاندێکی پارتی دیموکراتیکی گەلانی تورکیا بەمەبەستی وتووێژ لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان، گەیشتە شاری هەولێر و لەلایەن پارێزگاری هەولێرەوە پێشوازیی لێکرا.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی کوردپرێس، ئەمڕۆ شەممە شاندێکی پارتی دیموکراتیکی گەلانی تورکیا بەسەرۆکایەتی "سزایی تەمەلی" هاوسەرۆکی هەدەپەو بەئامادەبوونی "بەردان ئوزتورک" هاوسەرۆکی کۆنگرەی دیموکراتیکی گەلان، "فاتیما کورتولان" جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی هەدەپە لە پەرلەمانی تورکیا و "نەزمی گوور" جێگری هاوسەرۆکی هەدەپە و"هۆشیار ئۆزسۆی" نوێنەری ئامەد لە پەرلەمان گەیشتە شاری هەولێر.

ئەو شاندە لەلایەن "نەوزاد هادی" پارێزگاری هەولێر، "عەلی حوسێن" بەرپرسی پەیوەندییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و نوێنەری هەدەپە لە هەرێم پێشوازیی لێکراو لە یەکەم بەرنامەی فەرمی لەگەڵ "مەسعود بارزانی" سەرۆکی پارتی دیداری کرد.

سزایی تەمەلی لە فڕۆکەخانەی هەولێر و لەنێو کۆڕی پەیامنێراندا ڕایگەیاند کە بەرنامەڕێژیی ئەو سەفەرە لە زووەوە ئەنجامی گرتووە، بەڵام لەبەر گرفت و قەیرانە بەدیهاتووەکان بۆ ئەو پارتە لە تورکیا دواکەوتووە.

تەمەلی وتی کە ئەو شاندە بەنیازە لەگەڵ "مەسرور بارزانی" سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، "نێچیرڤان بارزانی" سەرۆکی هەرێمیش دیدار و وتووێژ بکات.

سەفەری شاندی هەدەپە بۆ هەرێمی کوردستان چوار ڕۆژ دەخایەنێ و لەوماوەدا لەگەڵ پارت ولایەن و کەسایەتییە سیاسییەکانی هەرێم دیدار دەکا.

"موزەین گونەش" نوێنەری هەدەپە لە هەرێمی کوردستانیش وتی کە ئەو شاندە رۆژی دووشەممە سەردانی سلێمانی دەکاو لەگەڵ پارت ولایەنەکانی ئەو پارێزگایەو هەروەها "بەرهەم ساڵح" سەرۆک کۆماری عێراق(جێگری دووهەمی سکرتێری گشتیی کۆچکردووی یەکێتی نیشتمانی) کە ئێستا لە سلێمانییە، دیدار دەکا.