وشداری کاربەدەستی ئەمریکایی بە تورکیا لە حاند کڕینی سیستەمی S_400ی ڕووسی
وەزیری خەزانەداری ئەمریکا وتی: واشینگتۆن گەڵاڵەی بایکۆتی تورکیای لەبەر کڕینی سیستەمی بەرگریی مووشەکیی S_400ی ڕووسی لێک دەداتەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆیتێرز؛ "ئستیڤێن منوچین" ڕۆژی دووشەممە لە وەڵامدانەوە بە پرسیاری هەواڵنێران سەبارەت بە کاردانەوەی ئەمریکا بەرامبەر بە بڕیاری ئانکارا سەبارەت بە کڕینی سیستەمی S_400ی ڕووسی وتی: گەڵاڵەی بایکۆتی تورکیا لەبەڕ کڕینی ئەم سیستەمی مووشەکییە خەریکی لێکدرانەوەیە، بەڵام تا ئێستا هیچ بڕیارێکی ئەوتۆ لەم بارەوە نەدراوە.
ئانکارا و واشینگتۆن ماوەیەکە لە سەر کڕینی سیستەمی دژە مووشەکیی S_400ی ڕووسی کێشە و ناکۆکیی کەوتۆتە نێو پێوەندییەکانیان.
واشینگتۆن بانگەشە دەکات: کڕینی ئەم سیستەمە لەگەڵ سیستەمی بەرەڤانیی ناتۆ نایەتەوە و جێتە جەنگییەکانی F_35ی ساز کراو لە ئەمریکا دەخاتە مەترسییەوە.
ئەمریکا لە ماوەی چەن مانگی ڕابردوودا بەردەوام هەڕەشەی لە تورکیا کردووە کە بێتوو گرێبەستی کڕینی سیستەمی S_400ی ڕووسی هەڵنەوەشێنێتەوە، وەبەر بایکۆتەکانی واشتینگتۆن دەکەوێ یان گرێبەستی فرۆشتنی جێتە جەنگییەکانی F_35 بە تورکیا هەڵدەوەشێنێتەوە.
گرێبەستی کڕینی سیستەمی دژە مووشەکیی سیستەمی S_400ی ڕووسی بە تورکیا دێسەمبەری ٢٠١٧ واژۆ و مۆر کراوە و یەکەم بەشی ئەو مووشەکانەیش ماوەیەک لەمەوبەر رادەستی تورکیا کرا.