تشرینی یه‌که‌م 08, 2019 08:51 Asia/Tehran
  • تورکیا: هەنگاوە بەراییەکانی پەلامار بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی فورات هەڵگیراوە

وەزارەتی بەرەڤانیی تورکیا لە بەیاننامەیەکدا بە بیانووی ئەوەی کە بۆ پاراستنی پاوەجێی ناوچەکە دەبێ ناوچەیەکی هێور و بوارگەی ئاشتی لە باکووری سووریا پێک بێت، رایگەیاند: هەنگاوە بەراییەکان بۆ بەڕێوە بردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە ڕۆژهەڵاتی فورات هەڵگیراوە.

راگەیەندرانی ئامادەیی سوپای تورکیا بۆ پەلاماردانی ڕۆژهەڵاتی فورات لە کاتێکدایە کە وێڕای وشدارە نێودەوڵەتییەکان، ژیدەرە سوورییەکان شەوی سێشەممە ڕایانگەیاند کە هێزەکانی سوپای تورکیا هێرشیان کردۆتە سەر ناوچەی  "تل الطویل" لە سنوری باکووری ڕۆژهەڵاتی پارێزگای سەرسنووریی "حەسەکە".

"فدریکا موگرینی" ڕێکخەری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا، هاوکات لەگەڵ پەلاماری سوپای تورکیا بۆ سەر باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، وشداری دا ئەو کردەوەیە دەبێتە هۆی کەوتنە مەترسیی هەموو ئەو هەوڵە سیاسییانەی بۆ چارەسەر کرانی قەیرانی ئەم وڵاتە دراوە.

پێشتر ڕووسیا و یەکێتیی ئەورووپا لە کاردانەوەیەک بەو بڕیارەی کاربەدەستانی ئانکارا لەمەڕ پەلاماردانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا پێداگرییان کردبوو کە تورکیا دەبێ لە هەر باروودۆخێکدا ڕێز دابنێ بۆ مافی سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سووریا.

هەروەها "محەممەد جەواد زەریف" وەزیری دەرەوەی ئێران شەوی ڕابردوو لە وتووێژێکی تەلەفوونی لەگەڵ "مەولوود چاوش ئۆغڵوو"ی وەزیری دەرەوەی  تورکیا بە نەیارەتی دەربڕین بەرامبەر بە پەلاماری سەربازی و پێداگری لەسەر ڕێزدانران بۆ مافی یەکپارچەیی خاک و سەروەریی نیشتمانیی سووریا، پەیمانی ئادەنەی بە باشترین ڕێگاچارە بۆ سووریا و تورکیا و سڕینەوەی نیگەرانییەکانی ئەو دوو وڵاتە زانی.