تشرینی دووه‌م 05, 2019 16:39 Asia/Tehran
  • خۆشکەکەی بەغدادی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی تورکیاوە دەستگیر کرا

رەسمیە عەواد، خۆشکی ئەبووبەکر بەغدادی لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزە ئەمنییەکانی تورکیادا لە نزیکیی شاری ئەعزاز دەستبەسەر کرا.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی کوردپرێس، پاش ئەوەی کە هەواڵی دەستگیر کردنی رەسمیە عەواد خۆشکی ئەبووبەکر بەغدادی، سەرکردەی گرووپی تیرۆریستیی داعش لەلایەن چەند سەرچاوەیێکی ئەمنیی تورکیاوە بڵاو کرایەوە، فەخرەدین ئاڵتوون وتەبێژی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا لە پەیامێکدا هەواڵەکەی پشتڕاست کردەوە و نووسیی: "دەستگیر کردنی خۆشکی بەغدادی نموونەیێکی دیکەیە لە سەرکەوتنی تورکیا لە شەڕی دژە تیرۆردا".

ڕۆژنامەی هابرتورک لەمبارەوە دەنووسێت: رەسمیە عەواد تەمەن 65 ساڵ لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لە حاڵێکدا کە لە نێو کانێکسێکدا لە نزیکیی شاری ئەعزاز لەگەڵ مێردەکەی و پێنج منداڵ و بووکەکەیدا دەژیا دەستگیر کرا و ئێستا لەژێر چاودێریدایە.

بەرپرسێکی ئەمنیی تورکیا لەمبارەوە بە ئاسۆشیتێدپرێسی وتووە: دەستگیر کردنی خۆشکەکەی بەغدادی لە باری هەواڵگیرییەوە وەکوو دۆزینەوەی "کانی زێڕ"ە و ئەو زانیارییانەی کە ئەم کەسە لەبارەی داعش هەیەتی دەتوانێت یارمەتیمان بدات لە دەستگیر کردنی کەسانی زیاتردا.