تشرینی دووه‌م 07, 2019 19:21 Asia/Tehran
  • سی ئێن ئێن: تورکیا چەکەکانی ئەمریکای خستووەتە بەردەستی سەرھەڵداوان

ئەمریکا خەریکی تاوتوێ کردنی پێشێلکرانی ڕێککەوتنەکەی خۆی و تورکیایە لە بارەی کەڵک وەرنەگرتنی لایەنێکی سێھەم لە چەکەکانی ئەمریکا، چونکو لەوە ئەچێ تورکیا ئەو چەکە چێکراوانەی ئەمریکای ڕادەستی ئەو سەرھەڵداوانە لەسووریادا کردبێت کە پشتگرییان لێ دەکات.

بە پێی ڕاپۆرتی کوردپرێس، دوو بڵاوکراوەی سی ئێن ئێن و نەشناڵ ئینتەرسەتی ئەمریکی لە ڕاپۆرتگەلێکدا باسی ھەگەری توش بوونی تیرۆریستانی سەربە تورکیا بە تاوانی جەنگی و دەست ڕاگەییشتنیان بە چەکەچێکراوەکانی ئەمریکایان کردووە لە ڕێگای تورکیاوە لە ڕەوتی ھێرشەکەی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ بۆ سەر کودرانی سووریاو بە بابەتێکی بەبڕشتانەیان زانیوە.

سی ئێن ئێن وای بڵاو کردووەتەوە کە ئەمریکا خەریکی تاوتوێ کردنی پێشێلکرانی ڕێککەوتنە ھاوبەشەکەی ئەم وڵاتەو تورکیایە لە سەر پرسی بەکار ھێنرانی چەکەکانی چێکراوی ئەمریکا. ئەم بابەتە ھەروەھا بە سەرنجدانی ئەمەی کە بڕێک لەو تاقمە سەرھەڵداوانەی کە لە لایەن تورکیاوە داکۆکییان لێ دەکرێت توشی تاوانی جەنگی ھاتوون دژی موردان و بە تایبەت کوژرانی حەفرین خەلەف ئافرەتی سیاسەتڤانی کوردی سووریا لە لایەن تاقمی ئەحراری شەرقییە، سەرنجێکی زیاتری دراوەتێ.

لەم پەیوەندییەدا  وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا بە ئاژانسی سی ئێن ئێنی گوتووە: واشێنگتۆن بڕوای وایە ئەو تۆمەتانەی رووبەڕووی تورکیا کراونەتەوە لە راستییەوە نزیکن و ئەمەریکا بە دواداچوونی بۆ دەکات.

تورکیا یەکێکە لە کڕیارەکانی چەکی ئەمەریکا، لە هێرشی بۆ سەر کوردستانی سووریا، بەشێک لەو چەکانە دراوە بە تیرۆریستانی سووریا و دژی کورد بەکاریان هێناوە، ئەو تیرۆریستانەش لە سووریا، بە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ تۆمەتبار دەکرێن.

تەنها لە ساڵی 2018، تورکیا بە بەهای 604 ملیۆن و 300 هەزار دۆلار چەکی لە ئەمەریکا کڕیوە کە مووشەک، بۆمب و مینیش لەخۆ دەگرێت.

سوپای تورکیا لە ڕۆژی چوارشەممەوە نۆھەمی ئۆکتۆبەر لە ئەنجامی سەرشۆڕکردنی داناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە ھەمبەر پێداگرییەکانی دەوڵەتی دادوگەشەی ئانکارا، بە بیانووی خۆی وتەنی خەباتی دژی تیرۆریزم و پاکتاوکردنی سنوورەکانی نێوان سووریاو تورکیا لە شەڕڤانانی کورد ، بە فەرمانی ڕەجەب تەیب ئەردوغانی سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە ھەڵیکوتاوەتە سەر باکووری سووریا .

ئۆپراسیۆنی سەربازیی تورکیا لە باکووری سووریا لەگەڵ ئیدانە کرانی بەربڵاوی نێونەتەوەیی دا بەرەوڕوو بووەتەوە . سوپای تورکیا لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوو چەندین جار سنووری سووریای بەزاندووە.

کاربەدەستانی سووریا وێڕای ئیدانە کردنی ئەم ھێرشانە جەختیان کردووە کە سوورییەکان لە سەروەری و دەستەڵاتی نیشتیمانیی خۆیان بەرەڤانی دەکەن.