کانونی یه‌که‌م 05, 2019 11:25 Asia/Tehran
  • درێژەی هەوڵی ئەمریکا بۆ پاشگەزکردنەوەی تورکیا لە کڕینی سیستەمی ئێس-٤٠٠

وەزارەتی بەرەڤانیی ئەمریکا ڕایگەیاند، واشنگتۆن هەروا خەریکی دانوستانە لەگەڵ ئانکارا بۆ ئەوەی حکومەتی تورکیا لەکڕینی سیستەمی ئێس-٤٠٠ پەژیوان بکاتەوە.

بەپێی ڕاپۆری کەناڵی سی ئێن ئێن، وەزارەتی بەرەڤانیی ئەمریکا(پێنتاگۆن) ، رۆژی چوارشەممە بەئاماژە بەوەی کە واشنگتۆن لەهەڵوێستەکەی سەبارەت بە کڕینی مووشەکی ئێس-٤٠٠ی تورکیا لە ڕووسیا ، نەکشاوەتەوە، ڕایگەیاند: "بۆ پەژیوان کردنەوەی ئانکارا لەو کارە هەروا خەریکی وتووێژ و دانوستانین".

"جان رود" جێگری سیاسیی وەزیری بەرەڤانیی ئەمریکا لەوبارەوە وتی: ئێمە هەروا خەریکی وتووێژ لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا لەوبارەین هەتا ئەوان ڕێگایەکی دیکە بگرنەبەر.

ئەو بەرپرسە ئەمریکییە وتیشی: کۆشکی سپی لەهەڵوێستەکانی ڕابردووی خۆی پاشەکشەی نەکردووەو لەو ماوەدا هەوڵ دەدا کێشە بەشێوەی ئاشتیانە چارەسەر بکرێ.

ئەوە لەکاتێکدایە کە "مەولوود چاووش ئۆغڵوو"ی وەزیری دەرەوەی تورکیا ٢٧ی نۆڤمبەر لەوبارەوە وتی: سیستەمی ئێس-٤٠٠مان بۆ ڕاگرتن لەنێو پاکەتدا لەڕووسیا نەکڕیوە، بەڵکوو دەمانەوێ کەڵکی لێوەربگرین.

ئەو وشداریدانەی تورکیا لە کاردانەوە بە لێدوانی بەرپرسانی ئەمریکی لەبارەی ئەو سیستەمە، هاتەئاراوە.

بەرلەوە، "مایک پۆمپێئۆ"ی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە پرێس کۆنفرانسێکدا ڕایگەیاندبوو، کڕینی ئەو سیستەمە بەرگرییە، کردەیەکی "جێی نیگەرانی"یەو دانوستان بۆ چارەسەریی ناکۆکی لەوبارەوە بەردەوامە.

سەرپەیڤ