کانونی دوھەم 16, 2020 16:00 Asia/Tehran
  • دەمارگرژیەکانی ئەردۆغان ترسی لای تورکەکان دروستکردووە

دامەزراوەی "ڕاند" بۆ لێکۆڵینەوە سەربازییەکان لەواشنتۆنی پایتەختی ئەمریکا ، ئەوەی دووپاتکردووەتەوە کە لەماوەی چەند ساڵەی ڕابردوودا، بە هۆی ئەو هەڵوێستانەی ئەنقەرە پیادەی دەکات، هاوبەشبەندی ئەمریکی - تورکی بارگرژی زۆری تێکەوتووەو ئاڵۆزتریش بووە.

لەڕاپۆرتێکی ئەو دامەزراوەیەدا هاتووە - کە بە دامەزراوەیەکی نزیک لە وەزارەتی بەرگری لە قەڵەم دەدرێت-، دینامیکییەتی سیاسەتی ناوخۆی تورکیا و بەرژەوەندییە نێودەوڵەتییەکانی، پشکدارییان کردووە لەگۆڕانی سیاسەتی ئەنقەرە لەهەمبەر دەوڵەتانی دەوروبەر و هاوبەشە مێژووییەکانی، بەتایبەتیش ئەمریکا.لەڕاپۆرتەکەدا ئەوەش هاتووە، هێشتا تورکیا لە ناوخۆدا دابەش بووە، چونکە ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا، پێودانگەکانی بارگرژی نەتەوەیی و ئاینی و ئیتنیکی بەکاردێنێت بۆ سەرخستن و بەروپێشبردنی ئەجێندا سیاسییەکانی.ئەمەش‌ وای لە زۆرینەی خەڵکی تورکیا کردووە نیگەرانبن لەوەی دیموکراسی لە وڵاتەکەیاندا هەرەس بێنێت و دۆخی ئابووریەکەشی تێکبچێت، لە یەکلاییکردنەوەی چارەسەرێکی سیاسیش لەگەڵ کوردەکاندا شکست بێنێت.ڕاپۆرتەکە پێشبینی ئەوە دەکات پەیوەندییەکانی ئەمریکا – تورکیا بە ناسەقامگیری و نائارامی بمێنێتەوە، سەرباری ئەوەی واشنتۆن ئەو هۆکارانەی هەن کە دەتوانێت بارگرژییەکانی نێوانیان کەم بکاتەوە.ڕاپۆرتەکە باسی لەوەش‌ کردووە، ئەمریکا و تورکیا خاوەن بەرژەوەندی هاوبەشی لێکنزیکن، بەتایبەتیش لە ڕووی پاراستنی هاوسەنگی لەگەڵ هەریەک لە ڕوسیا و ئێران، هەروەها بەرەنگاربوونەوەی گروپە تیرۆرستییەکان و کارکردن بۆ سەقامگیری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.ڕاپۆرتە ئەمریکییەکە سەنج بۆ ئەوەش ڕادەکێشێت، کە ئەنقەرە، هاریکارییەکی بەهێزی سەربازی لەگەڵ ئەمریکادا هەیە، چونکە دامەزراوەی سەربازی تورکیا نایەوێت پەیوەندییەکانیان لەگەڵ واشنتۆن بارگرژی سیاسی تێبکەوێت و کاریش بۆ پاراستنی ئەو پەیوەندییە باشە دەکات، کە هەیە.ڕاپۆرتەکە باسی لەوەش کردووە، کە ئیدارەی ئەمریکا ئێستا، پێویستی بەوە هەیە ستراتیژێکی دوورمەودای هەبێت لەمەڕ ئەو پرسە، بەشێوەیەک پارێزبەندی بۆ پاراستنی ئەو پەیوەندییانە دروست بکات و نەیەڵێت بەهۆی پەرەسەندنە سیاسییەکانی ساڵانی ڕابردوو و بە تایبەتیش کێشەی سوریا، کاریگەریان بکەوێتەسەر.

لەکۆتاییدا ڕاپۆرتەکە جەخت کراوەتەوە، پێویستە لەسەر واشنتۆن پێداچوونەوەیەکی دبلۆماسی بەهێز بۆ پەیوەندییەکانی بکات لەگەڵ تورکیادا، بە مەبەستی پەرەپێدانی هاوبەشبەندییەکی جێگیر لە نێوان ناتۆ و هێزە سەربازییەکانی تورکیادا، ئەمەش بە مەبەستی دروستکردنی دیوارێکی خۆپارێزی لەبەردەم هەژموونی فراوانخوازی ڕوسیادا.