کانونی دوھەم 24, 2020 19:49 Asia/Tehran
  • گڵۆپە سەوزەکەی دەمیرتاش بۆ باباجان و داود ئۆغڵوو

ھاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکرانی گەلانی تورکیا (ھەدەپە) وێڕای ئاماژە کردن بە دامەزرانی پارتە تازەکەی ئەحمەد داوود ئوغلو سەرۆک وەزیرانی پێشووی تورکیاو ھەوڵەکانی عەلی باباجان وەزیری دەرەوەی پێشووی ئەم وڵاتە لە ئاراستەی پێکھێنانی پارتێکی سیاسیی تازە وتی: دەرکەکانی ھەدەپە بۆ ھاریکاریی دیموکراسیانەو بنەمایی دانەخراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی کوردپرێس،سەلاحەددین دەمیرتاش ھاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکرانی گەلان (ھەدەپە) لە وەڵامی پرسیاری ھەواڵدەریی «تورکمەن ھەبەر_Tükenmez Haber»ی تورکیا لە بەندیخانەی ئێدێرنە، وێڕای ئاماژە کردن بە وێڕای ئاماژە کردن بە دامەزرانی پارتە تازەکەی ئەحمەد داوود ئوغلو سەرۆک وەزیرانی پێشووی تورکیاو ھەوڵەکانی عەلی باباجان وەزیری دەرەوەی پێشووی ئەم وڵاتە لە ئاراستەی پێکھێنانی پارتێکی سیاسیی تازە وتی: ئەم پارتە سیاسییە تازانەی کە دادەمەزرێن چەندە لە وتەکانیاندا ڕاستبێژ دەبن، پەیوەندیی بە ئێمەوە نییە، ئێمە سەیری ئەو بەرنامەو شتانە دەکەین کە لە کردەوەدا جێبەجێ دەکرێن. ئەگەر بتوانن یارمەتیی ڕەوتی پەڕینەوە بەرەو دیموکراسی بدەن و پشتگریی کۆمەڵایەتییان لێ بکرێت، دیارە جێگای خۆیان لە سیاسەت دا دەکەنەوە. ئەوسا ئێمەش ھەر لە سەر ھەمان بنەما ھەڵسەنگاندنی خۆمانمان دەبێت.لە ئێستادا بەس چاو لێ دەکەین و ڕەوتەکە پێ و شوێن دەگرین.

سەلاحەددین دەمیرتاش ھاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکرانی گەلان (ھەدەپە) جەختی لەوەش کردووەتەوە کە، ئێمە سیاسەتی خۆمان لە سەر بناغەی ئەو گۆڕانکارییانەی کە بۆیان ھەیە ڕوو دەدەن، دادەڕێژین.

ھاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکرانی گەلان (ھەدەپە) پێی لە سەر ئەوەش داگرتووە کە: ھەدەپە ڕەوتەکە بە ھەموو وردەکارییەکانیەوە پێ و شوێن دەگرێت و ئەمەش کە چۆن پەیوەندییەکمان لە گەڵ ئەو پارتە تازانە دەبێت، ھەنگاوە کردارییەکانیان ئەوە دیاری دەکات. بەڵام بابەتێک بە تەواوی ڕوونەو ئەویش ئەوەیە کە دەرکەکانی ھەدەپە بۆ ھاریکاریی دیموکراسیانەو بنەمایی دانەخراوە. کە بە ڕای من ھەنگاوی دروستیش ھەر ئەمەیە.