ئادار 23, 2020 18:03 Asia/Tehran
  • بنکە دیدەبانیەکانی تورکیا لە سووریا گەیشتنە چل و نۆ بنکە

تورکیا بە سازکردنی سێ بنکەی دیدەبانی دیکە لە سووریا بەبیانووی چاودێریی بەسەر ڕەوتی ئاگربڕدا، ئامادەبوونی سەربازیی خۆی لەو وڵاتە زیاتر پەرە پێ دا.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی فارس، ناوەندی ناسراو بە "ڕوانگەی سوری بۆمافی مرۆڤ" ڕایگەیاند کە سوپای تورکیا سێ بنکەی دیدەبانیی نوێی لە باشوری پارێزگای حەلەب دامەزراندووە.

بەپێی نووسینی ناوەندی ڕاگەیاندنی ئەو دەزگەیە، ئەو سێ بنکە دیدەبانییە لە گوندەکانی «بداما»، «الناجیه» و «الزعینیه» لە ڕۆژاوای شاری "جسر الشغور" لەباشوری شاڕێی حەلەب بۆ دەمشق (ئێم-فۆڕ) دامەزراوە و بەرلەوەش سوپای تورک دوو بنکەی دیدەبانی لەنزیک سنوری ئیداریی پارێزگای حەماە لەباشوری حەلەب دامەزراندبوو، بۆیە تورکیا بە هەژماردنی ئەو سێ بنکە نوێیە، چل و نۆ بنکەی دیدەبانی لە پارێزگاکانی حەلەب و ئیدلەبی سوریا دامەزراندووە.

ئەو کردەی تورکیا لەکاتێکدا ئەنجام دەگرێ کە ئاگربڕی ڕێککەوتن لەسەرکراوی نێوان ئەو وڵاتە لەگەڵ ڕووسیا لە ئیدلەب و حەلەب هەژدەهەمین رۆژی خۆی تێدەپەڕێنێ و تائێستاش پێشێلکرانی جیددی ئاگربڕ لەلایەن دوولایەنی ڕێککەوتنەکە ڕووی نەداوە.

لەکاتی واژۆی ڕێککەوتنی کەمکرانی گرژیی لە سیپتەمبەری ٢٠١٧ـەوە لەنێوان تورکیاو ڕووسیاو ئێران و ڕێککەوتن لەسەر دامەزراندنی ناوەندەکانی دیدەبانی لە حەلەب و ئیدلەب، حکومەتی تورکیا نزیک بە چل بنکەی دیدەبانی دامەزراندووە کە زۆربەی ئەو بنکانە لەکاتی تێکهەڵچوونی نێوان سوپای سوریا لەگەڵ ترۆریستان بەکردەوە کرا بە پێگەی پشتیوانی و لۆجستیکی و تۆپخانەیی ترۆریستان و بەجاران فرۆکە جەنگییەکانی سوریا ئەو بنکەو ناوەندانەیان بۆردومان کرد.