ئادار 24, 2020 18:45 Asia/Tehran
  • بە پێی دوایین ڕێژە لە تورکیادا ١٥٢٩ کەس توشی کۆڤیدی نۆزدە ھاتوون و ٣٧ کەسیش گیانیان لە دەست داوە

وەزیری تەندروستیی تورکیا لە وتەگەلێکدا ڕایگەیاندووە، بە گیان سپاردنی حەوت نەخۆشی دیکە لە تورکیادا ژمارەی ئەوانەی وا لەم وڵاتەدا بەر ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانیان لە دەست داوە گەییشتووەتە ٣٧ کەس و ھەتا ئێستاش ١٥٢٩ کەس توشی ئەم ڤایرۆسە ھاتوون.

«فەخرەددین کوجا» وەزیری تەندروستیی تورکیا وێڕای ئاماژە کردن بە ڕێژەی ٢٤ کاژێری ئەم دواییەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە تورکیا ڕایگەیاندووە: لە ماوەی ٢٤ کاژێری ئەم دواییە حەوت شارومەندی تورکیا لە بەر توشبوون بەم نەخۆشییە گیانیان لە دەست داوەو ٢٩٣ توشبووی تازەش ناس کراون.

 وەزیری تەندروستیی تورکیا ھەروەھا ڕاشیگەیاندووە: ئا بەمجۆرە ڕێژەی قوربانیانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سەرەتای تەشەنا سەندنی ئەم ڤایرۆسە لە تورکیا گەییشتووەتە ٣٧ کەس و ڕێژەی تووشبووانیش بۆ ھەزارو٥٢٩ کەس ھەڵکشاوە.

 وەزیری تەندروستیی تورکیا وتووشیەتی: با ئەو وشدارییە بە لاوەکانمان بدەم، لەم ڤایرۆسە لە ئەماندا نین، کەوا بوو لە چوونتان بۆ شوێنە پڕمەترسییەکان خۆتان بپارێزن، ماڵەکانتان توشی ئەو ھات و نەھاتە مەکەن و لە ماڵدا بمێننەوە.

ھاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە تورکیاو دەرکرانی بەیاننامەی جۆربەجۆر لە لایەن ڕەوتە سیاسییەکانی کوردی ئەم وڵاتەوە لە ئاراستەی تەگبیری پێویست بۆ پێشگرتن بە بڵاو بوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە شارە کوردنشینەکان و داخوازیی لە خەڵک بۆ مانەوە لە ماڵەکانیان، وادیارە دەستەڵاتی سیاسی تورکیا بە تەمای قۆستنەوەی ئەم ھەلەیە بۆ تەریک خستنەوەو گوشاری زیاتری سەر پارتە کوردەکانی ئەم وڵاتە لەوانە پارتی دیموکراتی گەلان بە مەبەستی لاواز کردنیان لە گۆڕەپانی سیاسیی تورکیاو پێشگرتن بە سەرھەڵدانی خۆپیشاندان و ناڕەزامەندیی جەماوەری لە سای ڤایرۆسی کۆرۆنادا.

لابردن و قۆڵبەست کردنی حەوت سەرۆک شارەوانیی کورد لە تورکیا لە ماوەی ٢٤ کاژێردا ڕەچەشکاندنێکی دەگمەنە بۆ دەستەڵاتی سیاسیی ئەم وڵاتە لە ئاراستەی سیاسەتە دژی کوردییەکانی.