ئادار 25, 2020 17:35 Asia/Tehran
  • سەرۆکی فراکسیۆنی ھەدەپە: جیھان بەگژ کۆرۆنادا دەچێتەوەو ئاکەپە بە گژ ھەدەپەو گەلی خۆی دا

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی گەلان لە پەرلەمانی تورکیا وێڕای ڕەخنەگرتن لە وەلانرانی حەوت سەرۆکی شارەوانیی دیکەی ئەم پارتە لە ناوچە کوردنشینەکان، وتی: لە ھەل و مەرجێکدا کە جیھان بەگژ کۆرۆنادا دەچێتەوە، ئاکەپە بە گژ ھەدەپەو گەلی خۆی دا دەچێتەوە.

مراڵ دانیش بشتاش سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی گەلان لە پەرلەمانی تورکیا وێڕای ڕەخنەگرتن لە وەلانرانی حەوت سەرۆکی شارەوانیی دیکەی ئەم پارتە لە ناوچە کوردنشینەکان و دیاری کرانی سەرپەرشتی حکومەتی لە باتییاندا لە لایەن وەزارەتی نێوخۆی تورکیا وتی: شارەوانییەکانی سەر بە ھەدەپە بۆ بەرنگار بوونەوەی کۆرۆنا خەباتێکی گەورەیان دەست پێ کردووە. لە بارەی شۆردن و پاکژکردنی سەیرانگەو پارکەکان، بەخشینی پارەی ئاوو پاکژ کردنی بەردەوامی پاسەکانی نێو شار ھەوڵێکی تایبەتیمان داوەو کاریگەرییەکانیشمان بەدی کردووە.

مراڵ دانیش بشتاش وتیشی: لە کاتێکدا کە جیھان دژی کۆرۆنا خەبات دەکات، پارتی دادوگەشە لە تورکیا بە گژی ھەدەپەو گەلی خۆی دا دەچێتەوە. لە کاری لەپێشینەی دەستەڵاتی سیاسی دا ھیچ شتێک بەناوی خەباتی دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئاردا نییە. شارەوانییەکانمان لە ڕاستی دا سەرکەوتنێکی گەورەیان لە خەباتی دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە دەست ھێناوە. ئەگەر لە وڵاتێکی دیموکرات دا ژیا باین دیارە شارەوانییەکانمان دەبون بە سەرمەشقێکی ھەرەباش بۆ کۆنترۆڵ کردنی قەیرانەکان. کەچی پاداشتی ئێمە لەم وڵاتەدا دیاری کرانی سەرپەرشت لە باتی سەرۆک شارەوانییەکان و لە سەرکار لابردنیانە.