ھاوسەرۆکی ھەدەپە ڕوو لە حکومەتی تورکیا : خێرا بەندیخانەکان چۆڵ کەن
پەروین بوڵدان"ی ھاوسەرۆکی ھەدەپە لەمیانەی بروسکەیەک بە ئاماژە بە بەرزبوونەوەی ئاماری ڤایروسی کۆرڕۆنا لە تورکیا روو لە حکومەتی ئەو وڵاتە گوتی : بە خێرایی بەندیخانەکان چۆڵ کەن .
بە پێی راپۆرتی کوردپرێس ، پەروین بوڵدان بە رەخنەگرتن لە گۆڕینی یاسای سزا کە لە لایەن ئاکەپەوە ئامادە کراوە گوتی : ئەم پرۆسەیە تەنانەت نابێ تاوێکیش وەدرەنگی کەوێ . بێ سەودا کردن لەسەر ئەم بابەتە و بێ ھەنگاونان بە پێی پلانە رامیاریەکانی خۆتان بەندیخانەکان چۆڵ کەن . ئێمە خوازیاری یەکسانیی لە یاسای سزاداین .
لە لایەکی دیکەوە کەسکین بایدنیر ھاوسەرۆکی پارتی دەڤەرە دیموکراتیکیەکان ( دە بە پە ) لە لێوانیکدا بە ئاماژە بە بڵاوبوونەوەی ڤایروسی کۆرۆنا لە تورکیا گوتی : لە ھیچ کام لە پارێزگا کوردنشینەکانی تورکیا ناوەندی تێستی کۆرۆنا نیە .
کەسکین بایدنیر وتیشی: دەسەڵاتی رامیاریی تورکیا لە بەرامبەر ئەم نەخۆشیەدا ھیچ ئامادەییەکی بەدی نەھێناوە . ئێمە حکومەتێکمان ھەیە کە تەنانەت بۆ ستافی تەندروستی و دەرمانی خۆیشی ناتوانێ کەلوپەلی پێویست دابین بکات . سەرچاوەکانی وڵاتیان چۆن بە تاڵان بردووە . نەبوونی ھیچ ناوەندێکی تاقیکردنەوەی کۆرۆنا لە پارێزگا کوردنشینەکان نیشاندەری تێڕوانینی دەسەڵات بۆ کوردەکانە . پارێزگەی کوردنشینی وان یەکیک لە پێنج پارێزگەی بەر ھەڕەشەی تورکیا لە بەرمبەر ڤایروسی کۆرۆنایە بەڵام ھیچ ئامادەییەک لەم شارەدا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم ڤایروسە ئەنجام نەبووە .
بە پێی نوسینی رۆژنامەی ئورۆنسێل ، بایدنیر دواجار گوتی : ھەموو بەندکراوەکان لەم پرۆسەیەدا دەبێ لە بەندیخانە ئازاد بکرێن .