ئاب 10, 2020 23:03 Asia/Tehran
  • تورکیا: دوو هەفتەی دیکەی پرۆسەی گەڕان بەدوای وزە لە دەریای ناوەڕاست دەستپێدەکەین

هێزی دەریایی تورکیا، ئەمڕۆ دووشەممە 10ی ئاب، ڕایگەیاند لە دوو هەفتەی ئاییندەدا کەشتییەکانیان ڕووپێویی گەڕان بەدوای نەوت لە ڕۆژهەڵاتی دەریایی سپیی ناوەڕاست ئەنجامدەدات.

 

بەپێی ئاژانسی ڕۆیتەرز، هێزی دەریایی تورکی بەنیازە لە داهاتوودا کەشتیی ئۆروک ڕایس ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بکات و ڕووپێویی سەیزمیک لە ناوچەکەدا ئەنجامبدات، بە مەبەستی گەڕان بە دوای نەوت و گاز.

ڕاگەیەنراوەکە دوای ئەوە دێت کە یۆنان و میسر ڕێککەوتنێکیان واژووکردووە بۆ دیاریکردنی  بازنەیەکی  ئابووریی تایبەت لە دەریای نێوان هەردوو وڵاتەکە.

بە وتەی وەزیری دەرەوەی یۆنان، نیکۆس دێندیاس لەبارەی ڕێککەوتنەکەوە وتبووی، " تەواو دژی ئەو ڕێککەوتنە پووچ و نایاسایی و بێبنەمایەی تورکیا و حکومەتی ویفاقی لیبیایە".

مانگی ڕابردوو، تورکیا ئەرکی زانستیی ناڤتێکسی ڕاگەیاند بۆ ئەنجامدانی کنەوپشکنین لە ناوچەکە، کە بەهۆیەوە گرژییەکانی نێوان تورکیا و یۆنان هەڵکشانەوە و چەندین زلهێزیش هاتنەسەرهێڵ، دواتر بە دەستوەردانی ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، ئەنگێلا مێرکڵ دۆخەکە ئارامبووەوە.

ڕۆژی هەینی، سەرۆککۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕایگەیاندبوو، "گەڕان و کنەوپشکنین بۆ وزە لە دەریاکەدا دەستپێدەکەنەوە، بەوپێیەی یۆنان پابەندی بەڵێنەکانی لەو بارەیەوە نەبووە".

ڕووپێویی سەیزمیک، قۆناغی پێش لێدانی بیری نەوت و گازە، کە ئامانج لێی گەڕان و دۆزینەوەی ماددە کاربۆنییەکانە لە ناوچەیەکی دیاریکراو، ئەویش بە پشتبەستن بە بەکارهێنانی ئامێرە شەپۆلدروستکەرەکان.

سەرپەیڤ