ئاب 12, 2020 07:26 Asia/Tehran
  • سەردانەکەى وەزیرى بەرەڤانیی تورکیا بۆ بەغدا هەڵوەشایەوە

سەردانەکەى «خلوسی ئاکار» وەزیرى بەرەڤانیی تورکیا بۆ عێراق کە بڕیار بوو بەم زووانە ئەنجام بگرێت لە بەر توڕە بوونی بەغدا لە ھێزشەکانی تورکیا ھەڵوەشایەوەو ئەمەش بوو بە یەکەم نیشانەی گرژی لە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیاو عێراق.

سەرچاوە ئاگادارەکان لە بەغداوە باسی ئەوەیان کردووە کە، سەردانەکەى «خلوسى ئاکار» وەزیرى بەرەڤانیی تورکیا  کە بریار بوو رۆژى پێنج شەممەى داهاتوو ئەنجام بگرێت هەڵوەشاوەتەوە.

بەوتەى ئەم سەرچاوانە هۆکارى هەڵوەشانەوەى ئەو سەردانەش بۆ توڕە بوونی حکومەتى عێراق لە هێرشەکانی تورکیا بۆسەر خاکى عێراق دەگەڕێتەوە بەتایبەت هێرشەکەى ئەم دواییەی  کە بووە هۆى کوژرانى چەند ئەفسەرێکى پاسەوانى سنوریی عێراق.

ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر باسی ئەوە دەکرا کە رۆژی ١٣ی ئەم مانگە وەزیرى بەرەڤانیی تورکیا سەردانى بەغدا دەکات و لەگەڵ بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆمار، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران ، جومعە عیناد وەزیری بەرەڤانیی عێراق کۆدەبێتەوەو دواتریش سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و لە سەردانەکەشی دا چەندین بابەتی هاوبەشی نێوان هەردووک وڵات تاوتوێ دەکرێت، لەوانە کێشەی پەکەکە و  و  پرسى هاوکاریی سەربازی و پاراستنی ئەو دەروازە سنوورییە نوێیەی کە لە نێوان عێراق و تورکیادا دەکرێتەوە.

سەرپەیڤ