ئاب 13, 2020 14:39 Asia/Tehran
  • وەڵامی تورکیا بۆ عێراق: ھەرچییەک دەبێت با ببێت

لە بەرامبەر ھەوڵی دیپلۆماسیانەی عێراق بۆ پێشگرتن بە ھێرشەکانی تورکیا، دەوڵەتی ئانکارا لە سەر ھەڕەشەکانی بەردەوامەو ڕایگەیاندووە ئەگەر بە ئامانجەکانی لە عێراق دا نەگات لە سەر ھەنگاوەکانی بەردەوام دەبێت و ھەرچییەک دەبێت با ببێت.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی ھەرێمی کوردستانەوە، لە وەڵامی چالاکییە دیپلۆماسییەکانی عێراق بە مەبستی ڕێگرتن لە ھێرشەکانی تورکیاو بەزێندرانی سنووری وڵاتەکەی، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە کاردانەوەیەکی ھەڕەشاوی دا رایگەیاندووە، ئەگەر بەردەوام چاوپۆشی لە بوونی پەکەکە لە خاکی عێراق دا بکرێت، ئەوا وڵاتەکەمان ئەوەی تا ئێستا کردوویەتی بۆ دابین کردنی ئاسایشتی سنوورەکانی بەردەوامی دەکان و ھەرچییەکیش دەبێت با ببێت.

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لەمیانی بەیاننامەیەک دا بۆ وەڵامدانەوەی بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق جەختی لەوەش کردووەتەوە کە: بەرپرسیارییەتی عێراقە رێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر دژ بە ئەندامانی پەکەکە کە لە وڵاتەکەیدا هەن‌و ئەگەر بەردەوام چاوپۆشی لە بوونی پەکەکە بکرێت لە عێراق، ئەوا تورکیا پێداگرە لە گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست لە پێناو ئاسایشی سنوورەکانی خۆی.

تورکیا هەروەها راشیگەیاندووە، پەکەکە، کە ساڵانێکە لەو ناوچانەی لە عێراق لانەی کردووە هێرش دەکاتە سەر تورکیا و گوێش ناداتە سەروەریی، یەکپارچەیی خاک، ئاسایش و سەقامگیری عێراق.

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئەوەشی راگەیاندووە: وڵاتەکەمان ئامادەی هاریکارییە لەگەڵ عێراق، بەڵام ئەگەر بەردەوام چاوپۆشی لەبوونی پەکەکە بکرێت لە عێراق لە سەر ئەو ھەنگاوانەی ئێستامان بەردەوام دەبین.

سەرپەیڤ