ئه‌یلوول 17, 2020 18:07 Asia/Tehran
  • ڕێبەرانی ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا ئەردوغان بە ھۆکاری تەریک خرانەوەی وڵاتەکەیان دەزانن

«کەماڵ کڵیچدار ئۆغڵو»ی سەرۆکی پارتی کۆماریخوازی گەل و «ئەحمەد داوود ئۆغڵو»ی سەرۆکی پارتی ئایندەی تورکیا تەریک خرانەوەی ئەمڕۆی تورکیا لە ئاستی ناوچەکەو جیھان بۆ سیاسەتەکانی پاوانخوازانەو تاکەکەسیی ئەردوغان دەگەڕێننەوە.

ئەم دوو ڕێبەرەی ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا لەو باوەڕەدان کە ھۆکارێکی تەریک کەوتنەوەی تورکیا لە ئاستی ناوچەکە بۆ ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتی عەرەبیی میسردا دەگەڕێتەوەو ھەر بۆیە بەپێویستی دەزانن کە کەناڵێکی دیبلۆماسی لەنێوان تورکیا و میسردا دامەزرێت.

ئەم دوو کۆنە سیاسەتڤانەی تورکیا پێشیان وایە ئەو سیاسەتەی کە ئێستا ئانکارا پەیڕەویی لێدەکات ئەو وڵاتەی بەرەو گۆشەگیری و تەریک کەوتنەوە بردووە .

«کەمال کڵیچدار ئۆغڵو» باسی لەوە کردووە کە تورکیا لەئێستادا لەناوچەکەدا بەتەنیایە ، دیارە ئەویش ئەنجامێکی سروشتیی بەستنەوەی بەرژەوەندییەکانی تورکیایە بەکەسێکی دیاریکراوەوە کە ئەویش رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی ئێستای ئەم وڵاتەیە . کڵێچدار ئۆغڵو جەختی لەوەش کردووەتەوە کە، بەداخەوە گەیشتوونەتە ئاستێک لە گۆشەگیربوون لەناوچەکەدا کە «مایک پەمپێئۆ»ی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەردانی یۆنان دەکات بەڵام نایەتە تورکیا.

«کڵیچدار ئۆغڵو» وێڕای ڕەخنەگرتن لە سیاسەتی دەرەکیی ئەردوغان ، پێی داگرتووە کە،، ئەوە چ سیاسەتێکی دەرەکییە کە تورکیای بەتەنیا هێشتۆتەوە بۆ بەرگریکردن لە مافەکانی ، تەنانەت فەلەستینییەکانیش لەو بوارەدا ئەوەندە بەتەنیا نین .

ئەمەو لە لایەکی دیکەوە، «ئەحمەد داود ئۆغڵو» سەرۆکی پارتی ئایندەی تورکیاش داوای کردووە تورکیا لەبارەی ناوچەی ئابووری لەدەریای ناوەراستدا لەگەڵ میسر دەست بە دانوستان بکات ، کە بەقسەی ئەو میسر گرنگترین وڵاتی ناوچەکەیە.

سەرۆکی پارتی ئایندەی تورکیا پێی لە سەر ئەوەش داگرتووە کە: بەداخەوە لە ئێستادا گەیشتووینەتە ئاستێک کە جگە لە ئازەربایجان هیچ وڵاتێکی تر پشتیوانیمان ناکات . 

داوود ئوغڵو ئەوەشی بە پێویست زانیوە کە  دەبێت تورکیا هەنگاوی کارا بنێت بۆئەوەی دەستبەجێ هاوکێشە دیبلۆماسییەکان بگۆڕێت و بزانێت کە میسر یەکێکە لەو وڵاتە گرینگانەی کە بەرژەوەندییەکانی لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی تورکیادا دێتەوە و  خاوەن درێژترین سنووری کەناراوییە لە ئەفریقادا .

سەرپەیڤ