تشرینی یه‌که‌م 01, 2020 01:14 Asia/Tehran
  • نوێنەرێکی پەرلەمانی تورکیا: ژمارەی توشبوونی کۆرۆنا ٢٠ ھێندەی ئەوەیە کە دەوڵەت ڕایدەگەیەنێت

«موراد ئەمیر» نوێنەری جەماوەری ئانکارا لە پەرلەمانی تورکیا سەربە پارتی نەیاری کۆماریخوازی گەل «جەھەپە» ڕایگەیاند: ژمارەی توشبوونی کۆرۆنا لە ئاستی تورکیا ٢٠ ھێندەی ئەوەیە کە وەزارەتی تەندروستیی ئەم وڵاتە ڕایدەگەیەنێت.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، ئەم نوێنەرەی «جەھەپە» جەختی لەوەش کردووەتەوە کە، لە بەرواری دەی سپتامبەر لە سەرتاسەری تورکیا بە تێکڕایی ١٥٧ ھەزارو ٩٧٥ کەس تاقیکاریی کۆرۆنایان بۆ کراوە، کەچی وەزیری تەندروستیی تورکیا ژمارەی تاقیکارییەکانی ئا لەو ڕۆژەدا ١٠٧ ھەزارو ٧٠٢ ڕاگەیاندووە.

بە قسەی «ئەمیر» ئەو ژمارەیەی کە بۆخۆی لایەتی بە شێوەی فەرمیانە لە لای یەکێتیی تاقیگە پزیشکییەکانی تورکیا دەستی کەوتووەو بە پێی ئەم ڕێژەیە لەو ١٥٧ھەزارو ٩٧٥ تاقیکارییەی کە ئەنجامی گرتووە، ١٢٨ھەزارو٦٤٥ تاقیکاری نیگەتیڤ و ٢٩ھەزارو ٣٧٧ نمونەشی پۆزیتیڤ بووە.

ناوبراو وێڕای پێداگرتن لە سەر ئەمەی کە ژمارە ڕاگەیەندراوەکانی دەوڵەت لە بارەی دەرەنجامی پۆزیتیڤی کۆرۆنا یەک لە بیستی ژمارە ڕاستەقینەکەیە، داوای لە «فەخرەددین کوجا» وەزیری تەندروستیی تورکیا کرد کە لە وەڵامێکی فەرمیانە بداتەوەو ڕاشکاوانە لە بارەی ڕێژەکانەوە قسە لەگەڵ خەڵک بکات.

 

سەرپەیڤ