تشرینی یه‌که‌م 19, 2020 09:12 Asia/Tehran
  • یۆنان شوورەی ئاسنین لەسەر سنورەکانی لەگەڵ تورکیا رۆدەنێ

سەرۆک وەزیرانی یۆنان رایگەیاند بەنیازن بۆ رێگریکردن لەکۆچی خەڵک بۆ وڵاتەکەیان لەمانگی نیسانی ساڵی داهاتوودا بەربەستی ئاسنین لەسەر سنورەکانی لە باکووری رۆژهەڵاتی یۆنان لەگەڵ تورکیا دروست بکات.

 

بەگوێرەی راگەیەنراوێکی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی یۆنان، کیریاکوس میتسوتاکیس، سەرۆک وەزیران لەمیانی سەردانیدا بۆ ناوچەکە، بەڵێنیدا جارێکی تر لەمانگی نیسانی ساڵی 2021دا کە پێشبینی ئەوە دەکرێت پرۆژەکە لەو وادەیەدا جێبەجێ‌ بکرێت سەردانی ناوچەکە بکاتەوە.

ئەوەش خراوەتەڕوو: حکومەتی یۆنان بەنیازە 400 پاسەوانی دیکە لەناوچەی ئیڤرۆس دامەزرێنێت کە دەکەوێتە باکووری رۆژهەڵاتی یۆنانەوە، هاوکات دەیەوێت دیوارێکی راگر بەدرێژایی 10 کیلۆمەتر لەسەر ئەو سنوورە دروست بکات.

دروستکردنی ئەو بەربەستە سنوورییە 26 کیلۆمەترییە لە ناوچەی ئیڤرۆس لەکاتێکدایە پێشبینی دەکرێت لەمانگەکانی شوبات و ئازاردا لێشاوی کۆچ دەستپێبکاتەوە و کۆچبەران هەوڵی زیاتر بدەن بۆ پەڕینەوەیان بەرەو یۆنان، لەدوای ئەوەی رەجەب تەیب ئەردۆگان رایگەیاندبوو دەرگای سنوورەکانی بەرەو ئەوروپا بەڕووی ئەو کۆچبەرانە دەکاتەوە کە لەخاکی ولاتەکەیدان.

ماوەی چەند رۆژێک بوو پێکدادان و هەڵپرژان لەنێوان کۆچبەران و پۆلیسی یۆنان لەناوچەکەدا دروستبووبوو، کە دەیانویست بپەڕنەوە بۆ یۆنان.

واش دەردەکەوێت ئەو پلانەی یۆنان هەیبوو بۆ دروستکردنی بەربەستێک لەناو دەریای ئیجە بەدرێژیی 2 کیلۆمەتر و 700 مەتر سەری نەگرتبێت، و لەلایەن رێکخراوەکانی مافپەروەرانەوە رووبەڕووی رەخنەی زۆر بوەوە، ئەو پلانەی حکومەتی یۆنانیان بەمەترسی دادەنا لەبەردەم کۆچبەران کە دەیانەوێت لەرێگەی بەلەمەوە بگەنە وڵاتی یۆنان، کە زۆرجار پێویستییان بە فریاگوزاری بەپەلە هەیە بۆ رزگارکردنی ژیانیان.

سەرپەیڤ