ئادار 19, 2017 12:29 Asia/Tehran
  • بەیاننامەیەکی ئەنجومەنی ئاسایش دژ بە موسڵمانانی ڕوهینگیا ڤێتۆ کرا

چین و ڕووسیا ڕێگریان کرد لە پەسەند کرانی بەیاننامەیەکی ئەنجومەنی ئاسایش سەبارەت بە توندوتیژی دژی موسڵمانانی روهینگیا لە میانمار.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر لە ڕۆیتێرز، دیپلۆماتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێن ١٥ ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ باس و وتووێژ سەبارەت بە دۆخی نالەباری موسڵمانانی ڕوهینگیا لە پارێزگای راخینی میانمار کۆبوونەوەیان کردووە بەڵام چین و ڕووسیا ڕێیان لە دەرکردنی بەیاننامەیەک لەم بوارەوە گرتووە.

لە کاتی دەسپێکی هێرشەکانی سوپای میانمارەوە بۆ سەر پارێزگای ڕاخین لە مانگی ڕەزبەرەوە، نێزیک ٧٥ هەزار موسڵمانی میانماری ڕوویان لە بەنگلادش کردووە.

یەکێتی ئەوروپا ڕۆژی پێنجشەممە داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد تا هەرچی خێراتر لیژنەیەکی نێودەوڵەتی بنێرێتە میانمار تا سەبارەت بە پاگەندەکان لە سەر ئەشکەنجە، دەسدرێژی و کوشتنی موسڵمانانی ڕوهینگیا لە لایەن سوپای ئەو وڵاتەوە، لێکۆڵینەوە بکەن.

دەوڵەتی میانمار موسڵمانانی ئەو وڵاتە وەکوو کەمایەتیەکی ئیتنیکی بە فەرمی ناناسێت و وەکوو کۆچبەری نایاسایی بەنگلادش ناویان لێ دەبات.