ئادار 20, 2017 12:21 Asia/Tehran
  • قووڵ بوونەوەی شەڕی میدیایی نێوان ڕووسیاو ئەمریکا

دومای ڕووسیا داکۆکی کرد لە گەڵاڵەی پێشنیارکراوی هاوپێوەند بە لێکۆڵینەوە لەبارەی میدیا هەواڵییەکانی ئەمریکا کە لە ڕووسیادا چالاکن. ئەو لێکۆڵینەوانە کە لەلایەن لیژنەی تەکنۆلۆژیا، زانیاری و پەیوەندییەکانی دوماری ڕووسیا ئەنجام دەگری، ئەو بابەتەی لێکدایەوە کە ئاخۆ سی ئێن ئێن، دەنگی ئەمریکا، ڕادیۆ ئازادی و گشت میدیا هەواڵییەکانی ئەمریکا بەپێی یاساوڕێساکانی ڕووسیا چالاکن؟ میدیا دەرەوەییەکان لە ڕووسیا لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەوە لەژێر کۆنترۆڵ وچاودێری دان.

واپێ دەچێ شەڕی میدیایی نێوان ڕووسیاو ئەمریکا بە پەسەندکرانی گەڵاڵەی لێکۆڵینەوە لەبارەی چۆنیەتی چالاکی میدیا ئەمریکییەکان لە ڕووسیا چووبێتە نێو قۆناخێکی نوێوە. لەڕاستیدا، ئەو گەڵاڵەیە بەتۆڵەی کردەی ئەمریکا لەمەڕ لێکۆڵینەوە لە کەناڵی تەلەفزیۆنیی ڕاشا تودەی ئەنجام دەگرێ. لەچەند مانگی ڕابردوودا و هاوتەریب لەگەڵ هاتنەئارای تۆمەت و بوختان گەلێک لەمەڕ دەستتێوەردانی سایببێری مۆسکۆ لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی ئەمریکا، زەخت و گوشارەکان لەدژ میدیا ڕووسیەکان لەو وڵاتە تاوی سەندووە.

لەو ئاراستەدا جین شاهین سێناتۆری ئەمریکی گەڵاڵەیەکی خستووەتەڕوو کە ڕێگە دەدات بە وەزارەتی دادی ئەمریکا هەتا لەبارەی پێشێلکرانی شیمانەیی یاساوڕێساکانی ئەو وڵاتە لەلایەن کەناڵی ڕاشا تودەی لێکۆڵینەوە بکات. جین شاهین کە سێناتۆرێکی دیموکراتە، بەپێی لێکدانەوەی دەزگە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە کەناڵی ڕاشا تودەی بەشێک لە هەوڵەکانی ڕووسیا بۆ دزەو دەسوەردان لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی ئەمریکا بووە.

کرێملین و کەناڵی ڕاشا تودەی بەتوندی ئەو تۆمەت و بوختانانەیان ڕەت کردۆتەوە. لەبەرامبەردا تۆمەت پاڵدانی ئەمریکییەکان لەڕووسیا سەبارەت بە دەسوەردان لە ڕەوتە سیاسییە ناوخۆییەکانی ئەمریکا بۆ وێنە، لەڕێی چالاکیی میدیا ڕووسیەکان، بەرپرسانی مۆسکۆ بەجاران ڕەخنەیان گرتووە لە دەستتێوەردانە ڕاستەوخۆکانی ڕۆژاوا لە هەڵبژاردنەکانی ڕووسیا.

لە ڕاستیدا، وڵاتانی رۆژاوایی بەتایبەت ئەمریکا و ژمارێک وڵاتی یەکێتی ئوروپا لەچەند هەڵبژاردنی ئەم دواییەی ڕووسیا ڕاستەوخۆ دزەیان کردە نێو گۆڕەپانی شەڕی پڕووپاگەندەیی و میدیایی لەدژ حکومەتی مۆسکۆ و ڤلادمیر پوتین سەرۆک کۆماری ڕووسیا. لەهەمان کاتدا، تێکچوونی پەیوەندیی نێوان ڕووسیاو ڕۆژاوا لە سێ ساڵی ڕابردوودا بەلەبەرچاو گرتنی قەیرانی ئۆکراین، بووەتەهۆ تاکوو ئەمریکا بەشێوەیەکی بەرفراوان لەئاستی ناوخۆی ڕووسیادا هەوڵ بدات بەمەبەستی لاوازکردنی حکومەت وهەروەها زاڵبوون بەسەر بەهاکان و فەرهەنگی ڕۆژاوایی لەو وڵاتەدا.

ئەمریکا، بانگەشەو شەڕی سایکۆلۆژی خۆی لەدژ حکومەتی ڕووسیا لەدوو کەرتی سەرەکیدا واتە، چالاکیە میدیاییەکان و هەروەها داکۆکی لە ڕێکخراوە جەماوەرییەکانی ئەو وڵاتە کە هۆگریان بە ڕۆژاوا و کولتوری ڕۆژاوایی هەیە، چڕکردۆتەوە بەئامانجی برەوپێدانی بەها ڕۆژاواییەکان بەتایبەت دیموکراسی جێی سەرنجی خۆی.

لەهەمان کاتدا، میدیا ئەمریکییەکانی وەک ڕادیۆ ئازادی، دەنگی ئەمریکاو سی ئێن ئێنیش بەئامانجی کارتێکەریی لەسەر بیروڕای گشتی لەڕووسیا، چالاکییە هەواڵییەکانیان ڕێک دەخەن و جێ بەجێیان دەکەن. بەرپرسانی مۆسکۆ دەمێکە لەبارەی دەستتێوەردانی بەرفراوانی رۆژاواییەکان لەکاروباری ناوخۆی ڕووسیا کە هاوڕێ لەگەڵ هاندانی خەڵکی ئەو وڵاتە بە سەرکێشی مەدەنی و یان دنەدانی خەڵکی ڕووسیا بە سازدانی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی لەدژ حکومەتی ناوەندی ڕووسیایە، ناڕەزایەتی دەردەبڕێ و ئەوە بە کردەیەکی چەواشەکارانە لەقەڵەم دەدەن.

لەو چوارچێوەدا ئەمریکاو هەروەها یەکێتی ئوروپا بەجاران لێدوان و کردەی دەستتێوەردەرانەی لەکاروباری ناوخۆی ڕووسیادا ئەنجام داوەو ئێستاش ئەو ڕەوتە درێژە پێ دەدەن. بەم چەشنە دەبێ بگوترێ کە ئەگەرچی ئەمریکییەکان ئێستا ئیدیعا دەکەن کە بەرەوڕووی کردەوچەواشەکاری میدیایی و هەروەها پەلامارگەلی سایبری ڕووسیا بەئامانجی کارتێکەریی لەسەر ڕووداوە سیاسییەکانی ئەمریکان بەڵام ئەوان خۆیان گەورەترین هۆکاری دەستتێوەردەرانە لە گۆڕەپانی سیاسی ناوخۆی ڕووسیا بۆ وێنە بەکەڵک وەرگرتن لە میدیاکانیان لەوان، دەنگی ئەمریکا، ڕادیۆ ئازادی و کەناڵی هەواڵیی سی ئێن ئێنن.