نیسان 21, 2017 19:18 Asia/Tehran
  • ماکرۆن لەپلەی یەکەمدا لە ڕاپرسییەکانی فەڕانسە

بەپێی نوێترین ڕاپرسییەکان لە فەڕانسە، ئێمانۆئێل ماکرۆن لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی بەردەم ئەو وڵاتە لەسەرەوەی مارین لۆپەن دایە.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی ڕۆیتەرز، بەگوێرەی ڕاپرسی دامەزراوەی ئەلئاب کە ئەمڕۆ هەینی بڵاو کرایەوە، ئێمانۆئێل ماکرۆن، بەربژاری میانەڕەوی فەڕانسە دەتوانێ لەخولی یەکەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی ئەو وڵاتە کە رۆژی یەکشەممە٢٣ی ئاڤریل، بەڕێوە دەچێ، بکەوێتە سەرەوەو بکەوێتە پێش خەنیمەکەی مارین لۆپەن لە حیزبی ڕاستی توندڕەو.

لەو ڕاپرسییەدا هاتووە، ماکرۆن لەخولی یەکەمی هەڵبژاردنەکاندا دەتوانێ سەتا ٢٤ی دەنگەکان بەدەست بێنێ ئەوە لەکاتێکدایە کە لۆپەن تەنیا ٢١.٥ لەسەتای دەنگەکان بەدەست دێنێ.

لە خولی دووهەمی هەڵبژاردنەکان(حەوتی مای) بێتوو دەنگەکان نەگەنە ڕێژەی ئاسایی، ئێمانۆئێل ماکرۆنی میانەڕەو سەتا ٥٦ی دەنگەکان لەبەرامبەر٣٥ لەسەتای دەنگی مارین لۆپەنی راست خوازی توندڕەو بەدەست دێنێ.

لەو ڕاپرسییەدا هەروەها دەرکەوت کە فرانسوا فیون، کاندیدای ڕاستی میانەڕەویش دەتوانێ لە خولی یەکەمی ئەو هەڵبژاردنانەدا سەتا بیستی دەنگەکان بەدەست بێنێ.

بەپێی ئەو ڕاپرسییە، ژان لوک ملانشون بەربژاری چەپی توندڕەویش کە زیادکردنی باج بۆ دەوڵەمەندان و سەرمایەداران و بودجەی١٠٠ملیارد یۆرۆیی لە بەشی خانووبەرەو چێکردنی ماڵ و بیناو پرۆژەکانی هاوپێوەند بە وزە پێوشوێن دەگرێ، دەتوانێ لە خولی یەکەمی ئەو هەڵبژاردنانە سەتا١٩.٥ی دەنگەکان بەدەست بێنێ.

چاوەڕوانی دەکرێ سەتا ٧١ی خەڵک بەشداری خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری  بن.