May 20, 2017 13:52 Asia/Tehran
  • کوژرانی١٤١کەس لە پەلامار بۆسەر پێگەیەکی سەربازی لیبیا

لانیکەم١٤١ کەس لە هێرش بۆسەر پێگەیەکی سەربازی لە باشووری لیبیا، کوژران.

بەپێی ڕاپۆری ئاژانسی هەواڵیی سەداوسیما، ئەحمەد ئەلمسماری وتەبێژی سوپای نیشتمانی لیبیا دوێشەو ڕایگەیاند؛ تاقمێکی چەکدار کە شاری "مصراتە" ی لە کۆنترۆڵ دایە، پێنج شەممەی ڕابردوو بە هێرش بۆسەر پێگەی سەربازی"براک" لە باشووری شاری بێنغازی ، لانیکەم١٤١ کەسی کوشت.

زۆربەی قوربانیان، سەربازانی ژێر فەرمانی"خەلیفە حەفتەر" فەرماندەری سوپای نیشتمانیی لیبیا بوون.

ئەو پەلامارە لەکاتێکدا ڕووی دا کە خەلیفە حەفتەر، فەرماندەری سوپای نیشتمانی لیبیا و فائیز سراج سەرۆک وەزیرانی دەوڵەتی ویفاقی نیشتمانیی ئەو وڵاتە، دووی مانگی مای ئەمساڵ لەسەر وەلانانی ناکۆکیەکان و چارەسەریی کێشەکانی بەردەم لیبیا، ڕێککەوتبوون.

لیبیا لە کاتی ڕاپەڕینی٢٠١١ی جەماوەری ئەو وڵاتەوە کە ڕووخانی رژیمی موعەمەر قەزافی دیکتاتۆری لەناوبراوی لیبیای لێکەوتەوە، بە دەستتێوەردانی ئەمریکاو بڕێک وڵاتی ئوروپایی و ناوچە، تێوەگلاوی شەڕ و توندوتیژی و ناجێگیریی سیاسی بووە.

لەدوو ساڵ لەمەوبەرەوە لیبیا بەهۆی ناکۆکی نێوان پارت ولایەنەکان، دوو پەرلەمانی هەیە، پەرلەمانی تبرق لە ڕۆژهەڵات و پەرلەمانی ترابلۆسی پایتەختی لیبیاو هەروەها خاوەن دوو سوپاشە.

پەرلەمانی تبرق لەلایەن سوپای نیشتمانی لیبیاوە بە سەرکردایەتی خەلیفە حەفتەر داکۆکی لێ دەکرێ و دەوڵەتی ویفاقی نیشتمانیی فائیز سراج کە جێی داکۆکی ڕۆژاواو ئەمریکایە، لە شاری ترابلۆس جێگیرە.

گرووپی تیرۆریستیی داعشیش لەو دۆخە بۆ دزەکردنە نێو ئەو وڵاتە خاوەن نەوتە، سوودی وەرگرتووە.