حوزه‌یران 19, 2017 17:32 Asia/Tehran
  • یۆنان : بڕیاری ڕادەست نەکرانی پلەدارە سەربازیەکانی تورک بە تورکیا هەرلەسەر جێی خۆیەتی

سەرۆک وەزیرانی یۆنان وتی: دەبێ ڕێز بگیردرێ لە بڕیاری دادگەی وڵاتەکەی لەمەڕ ڕادەست نەکرانەوەی هەشت پلەداری سەربازیی تورک کە پاش کودەتا بێ ئەنجامەکەی تورکیا پەنایان هێناوەتە یۆنان.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی خوێندکارانی ئێران، ئەلێکسیس سیپراس، سەرۆک وەزیرانی یونان ئەمڕۆ لە پرێس کۆنفرانسێکی هاوبەش لەگەڵ بینالی یێلدریم، سەرۆک وەزیرانی تورکیا لە شاری ئاتێن وتی: سیستەمی دادەوانیی یونان بڕیاری خۆی لەمەڕ ڕادەست نەکردنەوەی هەشت سەربازی سوپای تورکیا بە وڵاتەکەیانی دەرکردووەو ئەو بڕیارە دەبێ بەتەواوەتی ڕێزی لێ بگیردرێ.

ئەو لێدوانانە لەکاتێکدا هاتووەتە ئاراوە کە تورکیا دەڵێ، ئەو سەرباز و ژەنەراڵانە لە کودەتا بێ ئاکامەکەی ساڵی ڕابردووی زایینی بۆ ڕووخاندنی حکومەتی ڕەجەب تەییب ئەردۆغان لە تورکیا دەستیان بووەو دەبێ ڕادەستی وڵاتەکەیان بکرێنەوە.

دادگەکانی یونان، دوو داوای ڕادەست کردنەوەی ئانکاڕا بۆ وەرگرتنەوەی ئەو سەربازانەیان ڕەت کردۆتەوەو ئەوەش بووەتە هۆی تووڕەیی تورکیاو قووڵ بوونەوەی ناکۆکی نێوان ئەو دوو وڵاتەی ئەندامی هاوپەیمانی سەربازیی ناتۆ.