ته‌مووز 17, 2017 08:23 Asia/Tehran
  • زەریف: ئەمریکا بەکردەوە کەمتەرخەم بووە لەحاند ڕێککەوتنە ناڤۆکییەکەی لەگەڵ ئێراندا

وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: ئەمریکا بەکردەوە لەمەڕ پێبەندبوون بە ڕێککەوتنە ناڤۆکییەکەی لەگەڵ ئێران، کەمتەر خەمانە جوڵاوەتەوە.

محەممەد جەوادی زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران کە بۆ ئامادەبوون لە دانیشتنی کۆگەی باڵای سیاسی ڕێکخراوی نەتەوەکان سەردانی نیۆیۆرکی ئەمریکای کردووە، رۆژی یەکشەممە لە وتووێژ لەگەڵ کەناڵی سی ئێن ئێن لەبارەی ڕەفتاری ئەمریکا لەهەمبەر ڕێککەوتنی ناڤۆکی وتی: ئێران بەتەواوەتی بەڵێنییەکانی ئەنجام داوەو ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیش ئەو بابەتەی پشت ڕاست کردۆتەوە، بەڵام ئەمریکا بەڵێنییەکانی ئەنجام نەداوە.

وەزیری دەرەوەی ئێران هەروەها لە وەڵامدانەوە بەو پرسیارە کە هەندێ کەس دەڵێن، لەوانەیە پاش ڕێککەوتنە ناڤۆکییەکەی ئێران لەگەڵ گرووپی پێنج کۆیەک، ئێران لەهەوڵی چێکردنی چەکی ناڤۆکییەوە بێت، وتی: "ئێران لەڕەوتی ڕێککەوتن و پێش ڕێککەوتن بەئاشکرا ڕوونی کردۆتەوە کە لەدووی بەرنامەیەکی چەکەمەنی ناڤۆکی نییەو ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی پشت ڕاست کردەوە کە بانگەشەکان لەبارەی ڕەهەند ولایەنە سەربازییە شیمانەییەکانی بەرنامەی ناڤۆکیی ئێران، پڕووپووچ و بێ بنەمایە."

وەزیری دەرەوەی ئێران سەبارەت بە هۆکاری داکۆکی ئێران لە حکومەتی سووریاش وتی: سیاسەتی تاران لەهەمبەر سووریا، ئەفغانستان، ئێراق و شوێنەکانی دیکەی ناوچە، هەردەم سەلماندوویەتی کە ئێران هەمیشە نەیاری تیرۆریزم و توندڕەویی خوازی بووە.

زەریف لەبارەی قەیرانی یەمەنیش وتی: ئێران لەنەیارەتی لەگەڵ شەڕ وپێکدادان لە یەمەن، گەڵاڵەیەکی چواربڕگیی داگری ئاگربڕ، یارمەتی مرۆییانە، وتووێژی یەمەنی-یەمەنی و هێنانەدی حکومەتێک لەسەر داوای جەماوەری یەمەنی خستەڕوو ولەسەر ئەو ڕایەیە کە تەنیا ڕێکاری کۆتایی هاتنی شەڕ و پێکدادان، چوونەژێرباری ئەو ڕاستییەیە کە هیچ ڕێکارێکی سەربازی بۆ ئەو پرسە لەئارادانییە.

زەریف لەکاردانەوە بە ڕاپۆری ئەم دواییەی ڕۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز کە تێیدا ئیدیعا کراوە ئێران "بەسەر ئێراقدا زاڵ بووە"، پێی داگرت: ئێران هەردەم شێوازێکی شیاوی ڕەچاو کردووەو بەهانای خەڵکی ئێراقەوە هاتووە، بەپێچەوانەی ئەو وڵاتانەی داکۆکیان کرد لە سەددام، داعش و گرووپە ڕەشەکوژەکان.